ئهحمهد قادر :” ئێمە ناتوانین بەشی هاووڵاتییانی دیکە، بدەینە خاوەن نانەواخانە و خواردنگەکان”
شەهلا ڕەشید – زاری کرمانجی :
دوای ئەوەی بەشێک لە خاوەن خواردنگە و نانەواخانەکانی ڕواندز گلەیی خۆیان گەیاندە زاری کرمانجی کە لە سیستەمی نوێی پێدانی غاز بە کۆبون پەراوێز خراون و هیچ گرنگییەک بەوان نەدراوە، قایمقامی قەزای ڕواندز لە وەڵامی گلەیییەکانی ئەواندا دەڵێت :” بڕی دابین کراوی غاز بۆ ڕواندز کەمە، بۆیە ئێمە ناتوانین بەشی هاووڵاتییان بدەینە ئەوان”.
ئەحمەد قادر، قایمقامی قەزای ڕواندز، لە لێدوانێکدا بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند” حکومەت ئەو غازەی بۆمان دەنێرێت ڕێژەکەی زۆر کەمە، بۆیە سەرەتا هەوڵ دەدەین هاووڵاتییان سوودمەند بن و هەر ماڵێک یەک بوتڵە غازیان پێ دەدەین، دواتر دەدەینە چێشتخانە و ئەوانی دیکە”.
گووتیشی” لە کاتێکدا غازەکە کەمە، ئێمە ناتوانین بەشی هاووڵاتییانی دیکە بدەینە خاوەن نانەواخانە و خواردنگەکان، ئەگەر هەریەک لەوانە پێنج بوتڵە غازیان بدەینێ، کەواتە پێنج ماڵمان بێبەش کرد لە غازەکە، بۆیە لەسەر ئەم کێشە قسەمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، بۆ ئەوەی ڕێژەی ناردنی غازمان بۆ زیاد بکەن، کە هەموو هاووڵاتییان لێی سوودمەند بن و لە ئێستاشدا کاری لەسەر دەکەین”.