مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بەپێی ئامارێك كە لەلایەن نەخۆشخانەی گشتی قەزای هەریر بڵاوكراوەتەوە، لە ماوەی ڕۆژانی جەژن 784 بە گشتی سەردانی نەخۆشخانەكەیان كردووە كە 197 كەسیان تووشی ژەهراویبوون و 134 دیكەیان تووشی ڕشانەوە و سكچوونی هاتوون كە بەشی زۆریان منداڵ بوونە.
هەر لە ئامارەكەدا هاتووە 19 كەس بە هۆی شەڕ و پێكدادانی كۆمەڵایەتی و بەركەوتنی ئامێری سارد، هەروەها 12 كەسی تریش بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ و 8 دیكەش بە هۆكاری كەوتنە خوارەوە بە برینداری گەیندراونەتە نەخۆشخانەكە. كۆتا ڕۆژەكانی جەژنیش دوو حاڵەتی پێوەدانی مار و دووپشك و دوو حاڵەتی سووتان هەبووە.
لەزگین سەباح، بەڕێوەبەری كارگێڕی نەخۆشخانەكە بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند “لە ڕۆژانی جەژن 197 حاڵەتی ژەهراویبوون تۆماركراوە، كە زۆربەیان منداڵ بوون و بەشی زۆرییان بە هۆی خواردنەوە گازییەكان و بەرزی پلەكانی گەرماو و خۆراكی ماوە بەسەرچوو بووە.”