شەهلا رەشید- سۆران:
بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران، هاتنی گەشتیاران بۆ ئیدارەی سۆران ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دەبێت تەنانەت سەرووی پێشبینییەكانی ئێمە بوو.
فەیسەل سادق، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند” هاتنی گەشتیاران بۆ ئیدارەی سۆران ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دەبێت، بەپێی ئەو پلانەی دامانڕشتبوو پڕۆسەی پێشوازی كردن لە گەشتیاران سەركەوتووانە بەڕێوەچوو، ژمارەی گەشتیار و سەردانیكەران بەشێوەیەكی بەرچاو و سەرووی پێشبینییەكانی ئێمە بوو بە بەراورد بە ساڵی رابردوو بەتایبەتی مانەوەی گەشتیاران سەرووی پەنجا هەزار بوو، لە كۆی گشتی گەشتیاران و سەردانیكەران سەد هەزاری تێپەڕ كرد، زۆربەیان گەشتیاری ناوەڕاست و خوارووی عێراق بوون وێرای ئەوەی كە ژمارەیەكی بەرچاویش گەشتیاری ناوخۆیی بوون.
گوتیشی: بەردەوام لەلایەن تیمەكانی گەشتوگوزار و لیژنە هونەریەكانەوە چاودێری ناوچە گەشتیارییەكان دەكرا و لە نزیكەوە ئاگاداریان بووین و رێنمایمان دەكردن و هەموو ئەو پێداویستییەشمان بەردەست بوون بۆ هەر گرفتێك و حاڵەتێكی نەخوازراو، یاخود وەڵامدانەوەی هەر پرسیارێك كە هەیانبووە.
فەیسەل سادق، ئاشكراشی كرد” لەماوەی رۆژانی پشوو خۆشبەختانە هیچ حاڵەتێكی وا رووی نەدا كە لە كۆنتڕۆل دەرچووبێت تەنها گرفتی گەڕانەوەی گەشتیاران لە رێگای گەلی عەلی بەگ – خەلیفان هاتە پێش ئەویش تیمەكانی هاتووچۆی سۆران و خەلیفان هەوڵێكی باشییاندا و گرفتەكە چارە كرا.