رۆژانى جەژن 29 ڕووداو تۆمار کراون
بەختیار سەباح-زارى کرمانجى:
لە چوار ڕۆژى جەژنى قوربان، لە سنوورى ئیدارەى سەربەخۆى سۆران، 29 ڕووداوى جۆراوجۆرهەبووەو 2 کەس گیانیان لەدەستداوە.
کاروان میراودەلى، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى بەرگرى شارستانى سۆران بە زارى کرمانجى ڕاگەیاند: ” لە ڕۆژانى جەژنى قوربان، لە سنوورى ئیدارەى سەربەخۆى سۆران 29 ڕووداوى جۆراوجۆر هەبووە، لەوانە 22 ڕووداوى ئاگرکەوتنەوە، 2 هەڵدێران، یەک ڕووداوى خنکان، 2 بەربوونەوەو 2 ڕووداوى گیرخواردن، لەو ڕووداوانە 2 کەس گیانیان لەدەستداوە”.
زیاتر گووتى: ”ڕووداوەکانى ئاگرکەوتنەوە، 19 ڕووداوى سووتانى جەنگەڵى و پاشماوەى شارەوانى، 2 ڕووداوى سووتانى خەرمانەى گەنم و جۆ، یەک سووتانى ئۆتۆمبێل و ٢ رووداوى ئاگرکەوتنەوەى ماڵان، هەروەها ٢ ڕووداوى هەڵدێران هەبووەو یەک کەس گیانى لەدەستداوەو کەسێکى دیکەش بریندار بووە، یەک ڕووداى خنکان هەبووە، کە هاووڵاتییەکى تەمەن 46 ساڵانى خەڵکى باکوورى کوردستان بوو”.
پتر روونیکردەوە، جگە لەوانەش 2 ڕووداوى بەربوونەوە هەبووە، کە دوو گەشتیاریى بە ڕەگە عەرەب بوون، هەروەها دوو ڕووداوى گیرخواردن و ڕزگارکردن، کە یەکێک لەوانە ئافرەتێکى ئوستراڵى مامۆستاى زانکۆ بوو لە بەغدا.
بەڕێوەبەرى بەرگرى شارستانى سۆران ئەوەشى خستەڕوو، ئەو گەنجەى لە ناوچەى گەشتیاریى پڕژێ لە شاخ هەڵدێرا، ناسنامەى نادیارەو تا ئێستە تەرمەکەى لە پزیشکى دادى سۆرانە.