مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، گەنگەشەی یاسایەك دەكات كە ڕێگا بە تاوانباران دەدات ڕۆژانەی زیندانیكردنی خۆیان بە بڕە پارەیەك بكڕنەوە.
دارا سێكانیانی ئەندامی لیژنەی یاسای لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕادەگەیەنێت، لە ئێستادا پرۆژە یاسایەكە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانە، بەڵام سونەكان پێداگرن لەسەر هاتنە ئارای یاسایی لێبوردنی گشتی.
سێكانیانی ڕوونكردنەوەی زیاتر لە سەر یاساكە دەخاتە ڕوو و دەڵێ “ئەم پرۆژە یاسایە لە خولی پێشوو لە ساڵی 2019 ئامادەكراوە و گفتوگۆیەكی لەسەر كراوە، بەڵام دەنگی لەسەر نەدراوە هەر وەكوو پێشنیار ماوەتەوە، لە دوایی دروستكردنی حكومەتەكەی سوودانی باس لەوەكرا لێبوردنێكی گشتی دەربكرێت، بەتایبەتیش ئەمە داواكاری هەندێك لایەنی عێراقییە.”
لە یاساكە هاتووە “زیندانیانی تاوانە سووكەكان كە سزاكانیان كەمترە لە سێ ساڵ، دەتوانن بۆ هەر ڕۆژە بڕی 10 هەزار دیناری عێراقی بدەن بۆ كەمكردنەوەی سزاكانی سەریان،”
ئامانج لەم پرۆژە یاسایەش هەر وەكوو باس دەكرێت بەمەبەستی كەمكردنەوەی تێچووەكانی سەر حكومەتە و لە لایەكی دی كەمكردنەوەی فشاری سەر زیندانەكانە.
چونكە بە گوێڕەی ئامارێكی وەزارەتی دادی عێراق، تا كۆتایی ساڵی 2023 زیاتر لە 65 هەزار زیندانی لە زیندانەكانی عێراقدان.
یاسا ناسانیش پرۆژە یاساكە بە گرنگ ناو دەبن و پێیان وایە كە سزادراوان لە ترسی گیرفانیان چیتر بیر لە تاوان ناكەنەوە.