رۆژی یەکشەممە ٢٣-٦-٢٠٢٤ لە هەرێمی کوردستان تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ ئامادەیی دەستپێدەکەن و لەسەر ئاستی وەزارەتی پەروەردەش تەواوی ئامادەکارییەکان کراون و لە ئیدارەی سۆرانیش ٧٢٩١ قوتابی لە هەردوو بەشی زانستی و وێژەیی لە پۆلی ١٢ ی ئامادەیی بەشداری لە تاقیکردنەوەکان دەکەن ئامادەکاری تەواویش بۆ ئەو پڕۆسەیە کراوە.
وڵات عوسمان، بەرپرسی بەشی ئەزموونەکان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران بە زاری کرمانجی راگەیاند” تەواوی ئامادەکارییەکان کراون بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ ی ئامادەیی، لە دانانی هۆڵ و بەڕێوەبەر و مامۆستای چاودێرو سەرپەرشتیار، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە قوتابییان بتوانن لە کەشێکی فێنک و ئارام تاقیکردنەوەکانی خۆیان ئەنجام بدەن”.
وڵات عوسمان، بۆ زاری کرمانجی ئاماری وردی خستەروو لە سەر ژمارەی قوتابییان و بەڕێوەبەری هۆڵ و مامۆستایانی چاودێرو سەرپەرشتیاران گوتی ” لە ئیدارەی سۆران بە تەواوی پەروەردەکانەوە ٧٢٩١ قوتابی بەشداری لە تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ ی ئامادەیی دەکەن، زۆرترین قوتابی لە بەشی زانستین ژمارەیان ٤ هەزار و ٧٢٤ قوتابین، لەبەشی وێژەیەش ٢ هەزارو ٥٤٤ قوتابین، کۆی گشتی قوتابییان بە هەر دووبەش دەکاتە ٧٢٩١ قوتابی”.
بەرپرسی بەشی ئەزموونەکان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران، ئاماژەی بەوەشکرد” قوتابییانی بەشی زانستی ٧٩ هۆڵی تاقیکردنەوەیان بۆ ئامادەکراوە، ٥١ هۆڵیش بۆ قوتابییانی بەشی وێژەییە، بەگشتی ١٣٠ هۆڵی تاقیکردنەوەمان هەیە، جگە لەوەش ١٣٠ مامۆستا وەک بەڕێوەبەری هۆڵەکان دیاریکراون لە گەڵ ١٣٠ یاریدەدەر، ٨٥٠ مامۆستاش وەک چاودێر داندراون، ١٣٥ سەرپەرشتیاریش سەرپەرشتی کاروباری تاقیکردنەوەکان دەکەن.
دیلان ڕەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاند ڕایگەیاند، بەهۆی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە رۆژی یەکشەممەوە، بە درێژایی رۆژانی تاقیکردنەوە لە کاتژمێر 6:00 بۆ 8:00ـی بەیانی هێلەکانی ئینتەرنێت ڕادەگیرێن و تەواو کۆمپانیاکانی دابینکردنی ئینتەرنێتمان ئاگادار کردووەتەوە و تاوەکو تاقیکردنەوەکان تەواو دەبن لەسەر ئەو خشتەیە بەردەوام دەبن.