شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕی خۆراك، خواردنەوەی چای گەرم لە وەرزی هاوین دا یارمەتی كەمكردنەوەی تینوویەتی دەدات.
د. كامەران رەسوڵ، پزیشكی پسپۆڕی خۆراك، بە زاری كرمانجی راگەیاند” رەنگە ئەمە لای زۆر كەس سەیر بێت، بەڵام كاتێ پلەی گەرمی زۆر بەرز بێت، ئەوا خواردنەوەی چای گەرم یارمەتی كەمكردنەوەی تینوویەتی دەدات، بە مەرجێك لە شوێنێكی كراوە بێت و هەوا بە باشی ئاڵوگۆڕ بكات، نەوەك لە ناو ژوورێكی داخراو كە هەوا گوڕكێی تێدا نەبێت، لە دەرەوە و شوێنە كراوەكان خواردنەوە گەرمەكان باشترن لە ساردەكان و سەهۆڵاوەكان، چونكە لەو حاڵەتانەدا خواردنەوە ساردەكان رێژەی ئارەق كردنەوە كەم دەكەنەوە و نابنە هۆی شكاندنی تینوویەتی و دوای ماوەیەكی كورت دووبارە تینووت دەبێتەوە.
ئەم پزیشكە ئاشكراشیكرد” خواردنەوەی چا یا هەر خواردنەوەیەكی گەرم دەبێتە هۆی كشانی موولوولەكانی خوێن و زیادكردنی رێژەی ئارەق كردنەوە و دابەزینی پلەی گەرمی جەستە، بەڵام لە ژوور و شوێنی داخراو خواردنەوەی ئاوی سارد، شەربەتی فرێش، ئاو و لیمۆ یارمەتی كەمكردنەوەی تینوویەتی دەدەن،هەروەها خواردنەوەی چایە گەرمەكانی وەك گوڵەبەیبوون، لیمۆ، نەعنا و شیر لە چا و قاوە باشترن و پێویستە لە هاوین دا مرۆڤ دوور بكەوێتەوە لە خواردنەوە گازی و وزە بەخشەكان، رۆژانە چەندین جاریش سەوزە و میوە بخوات.