د. مەقسود ئیسماعیل
هاوسەرگیری پێش وەختە؛ بریتی یە لە بەشودانی کچ پێش تەمەنی ئاسایی، واتە لە تەمەنی هەژدە ساڵى کەمتر. بەپێی یاساکان ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە لە ڕووی تەندروستی، جەستەیی و دەروونی ناتەواوە، دوورە لە بنەماکانی مافی مرۆڤ، چونکە کچ لە پێش ئەو تەمەنە بە منداڵ هەژمار دەکرێ. بۆیە ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە لێکەوتەی خراپی لێ دەکەوێتەوەو ڕووداوی دڵتەزێن رۆژانە بەرگوێمان دەکەوێت، وەک خۆسوتاندن، خۆکوشتن، خۆخنکاندن، دەرمانخواردن، تەلاقدان، خۆفرێدان، جیابوونەوە و دابڕان لە خوێندن.
هۆکاری ئەم لێکەوتانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە، ئەوانەش وەک نەبوونی رۆشنبیری خێزانی، نایەکسانی لە رەگەز، ترسان لە قەیرەیى، نائارامی شەڕوئاژاوەی ناو خێزان، قەرەباڵغی و هەژاری، فشارى دەروونی و کۆمەڵایەتی، کولتورو بیروباوەڕی نارێک، هاتنی شەپۆڵێک لە عەرەبی ئاوارە، چونکە لای ئەوان ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە زۆرباوە، ئەمەش کاریگەری کردە سەر کۆمەڵگەى کوردی.
ئەگەر سەیر بکەی، هەفتانە چەندەها حاڵەتی لەم جۆرە دێنە لیژنەکانی پزیشکی و دادگەکان، بۆیە پیویستە چارەسەرێک بۆ ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە بدۆزرێتەوە، بۆ ئەوەی زیاتر کارەسات روونەدات. کچ هاتووە لە چواردە ساڵی بەشوو دراوە، تەمەنى گەیشتۆتە پازدە ساڵ تەڵاق دراوە، ئەگەر منداڵیان هەبێ ئەو منداڵە پەرێشان دەبێت.
ئامانجی من لەم بابەتە ئەوەیە، کە کچان بگەن بە تەمەنی یاسایی خۆیان، بۆ ئەوەی خۆشی لە ژیانی منداڵی و گەنجیەتى خۆیان ببینن، پاش پێگەیشتنی عەقل و جەستەو دەروونیان، ئینجا بیر لە ژیانی خێزانی و هاوسەرگیری بکەنەوە.