زاری كرمانجی – سۆران :
بەرپرسێكی پێشووی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم، ژمارەی ئەو پەرلەمانتار و وەزیر و پلە باڵایانەی عێراق ئاشكرا دەكات كە ئەمساڵ حەجیان كردووە، كە لەنێویاندا بەشێكیان بە ئیفاد چوونەتە حەج، كەچی بە VIPحەجیان كردووە.
مەریوان نەقشبەندی نووسەر، كە پێشتر لە وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی كوردستان پۆستی جیاوازی هەبووە، لە نووسینێكدا ئاشكرای دەكات كە ٨٨ ئەندام پەرلەمان و ٨ وەزیر لەسەر ئاستی عێراق و ٢٧٠ بریكاری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و ٣٠٠ ڕاوێژكار و ٧ سەرۆكی دەستەی سەربەخۆ و ١٠٠٠ ئەفسەری پلە بەرز ٢٠٠ ڕاگەیاندنكار چوونەتە وڵاتی سعوودیە بۆ حەجكردن.
نەقشبەندی باس لەوەش دەكات كە ٣٥٠٠ كەسی تر لە خەدەم و حەشەم و كەسوكاری بەرپرسان كە ناویان لە تیروپشك نەبووە، ئەوانیش براون بۆ حەج .
مەریوان نەقشبەندی داتا و بەڵگەكانی لە دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراقەوە وەرگرتووە و دەڵێ “ئەم ژمارە و داتایانە ڕەسمییە و لە دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراقەوە دەرچووە، لە كاتێكدا دەستەی ناوبراو سوپایەك لە بەرپرس و فەرمانبەری هەیە و ئەركی ئەوانە سەرپەرشتی كاروباری حەج بكەن، نەك ئەم هەموو بەرپرس و خەڵكە لابەلایە، جگە لەوەش ئەم بەرپرسانە كە بەشی هەرە زۆریان بە ئیفاد چوونەتە حەج و لە سعوودیەش بە VIPحەجیان كردووە.
نەقشبەندی لە كۆتایی نووسیوونەكەی دەڵێت”ئەمانە هۆكار بوون بۆ بێبەشكردنی هەزاران كەسی تر لەم فەرزەی ئیسلام و ناچاربوون بە ڤیزای گەشتیاری و لە دەرەوەی ڕێكار و پشكی حاجییان حەج بكەن، كە بەشێكیان بەداخەوە دووچاری ماندوون و دەستگیركردن و غەرامە بوونەوە لەلایەن بەرپرسانی سعوودیەوە.”