نۆزدە ساڵ بەر لە ئەمڕۆ دەزگاى زارى کرمانجى دامەزرا
بەختیار سەباح

هۆیەکانى گەیاندن و گواستنەوەى دەنگ و ڕەنگ، ( ڕادیۆ -تیڤى، ئینتەرنێت و سۆشیال میدیا)، پێشکەوتنى تەکنەلۆژیا، ئاسانبوونى کارى چاپ و بڵاوکردنەوە، هەموو ئەمانە بەسەر یەکەوە بارودۆخێکیان هێناوەتەوە پێشەوە، کە ئەمڕۆ ناوەندە لۆکاڵى و هەرێمییەکان جموجۆڵێکى گەورەى هونەریى و رۆشنبیریى و ڕاگەیاندنیان تێکەوتووە، کە شان لە شانى ناوەندە رۆشنبییریى و دەزگا ڕاگەیاندنە گەورەکان دەدەن.
19 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ دامەزراندنى دەزگاى زارى کرمانجى لە دەڤەرى سۆران، تاقیکردنەوەیەکى پێشڕەو و گرینگ بوو لەم بوارەدا. هاتنە کایەى زارى کرمانجى، بەردەوامبوون و درێژەدان بوو بە کاروانى رۆژنامەگەرى کوردى لەسەر رێچکەى حوزنى موکریانى، وەفایەک بوو بۆ ماندبوون و شەونخونى موکریانى، لە بوارى رۆژنامەگەرى و چاپ و بڵاوکردنەوە. لە بیستەکانى سەدەى ڕابردوو حوسێن حوزنى موکریانى، چاپخانەکەى لە شارى حەلەب گواستەوە شارۆکە دێرینەکەى ڕواندزو گۆڤارى (زارى کرمانجى) بڵاوکردەوە. حوزنى لەم ڕێگەیەوە خەرمانێکى گرانبەهاى بۆ گەلەکەى هەڵدایەوە، کە بوو بە بەشێک لە شانازییە زۆرو زەوەندەکانى ئەم دەڤەرە.
حکومەتى هەرێمى هەرێمى کوردستان، لە ڕێگەى ( دەزگاى چاپ و بڵاوکردنەوەى ئاراس)، لە 19ى حوزەیرانى ساڵى 2005، دەزگاى زارى کرمانجى، وەک دامەزراوەیەکى ڕۆشنبیریى و ڕاگەیاندن، لە سۆران دامەزراند.
زارى کرمانجى، لە سەرەتاى دامەزراندنى بە بەشەکانى ( هەفتەنامە، ڕادیۆ، سەنتەرى ئینتەرنێت، گروپى میوزیک، کتێبخانە) و بەشەکانى دیکە دەستى پێکرد، دواتریش بە ( گۆڤارى کۆوار، هەفتەنامەى نسێى ئەدەب و هونەر، زارى کرمانجى سپۆرت و ماڵپەڕى ئەلیکتڕۆنى) بەردەوامى بە کارى ڕۆشنبیریى و ڕاگەیاندن دا.
ئێستەیش دواى 19 ساڵ، سەرەڕاى گرفت و ئاستەنگ، دۆخى ئابوورى و سیاسی، زارى کرمانجى، وەک دامەزراوەیەکى گەورەى ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیریى، بە تەواوى کەناڵەکانى (سۆشیال میدیا، ڕادیۆ، ماڵپەڕ ) بەردەوامى هەیە، و جێ پەنجەو شوێنەوارێکى نەسڕاوەى خستووەتە سەر پانتایى هزرو ڕامانى خەڵکى دەڤەرى سۆران. کەم هاووڵاتى هەیە لەم دەڤەرە بە دامەزراندنى ئەم دەزگایە نەگەشابێتەوە، چونکە جگە لە درێژەدان بە کاروانى رۆژنامەگەرى و ڕاگەیاندنى کوردى، هەمیشە ناوەندێک بووە بۆ گەیاندنى دەنگ و ڕەنگى خەڵکى دەڤەرى سۆران و قوتابخانەیەک بووە بۆ پێگەیاندن و دروستکردنى سەدان گەنج و کادرى بوارى ڕاگەیاندن.
زارى کرمانجى، ئێستە سنوورێکى دیاریکراوى نییە، تا دێ زیاتر بەرەو پێش دەچێت و سەرجەم تواناو لێهاتوویى ئەم دەڤەرەى لەخۆ گرتووە، بە دڵنیاییەوە لە داهاتوو دەبێتە ناوەندێکى گرینگترو هەنگاو هەڵدێنێت بۆ پڕۆژەیەکى گەورەترى ڕاگەیاندن و رۆشنبیریى و هونەریى، لە کوردستان و ئیدارەى سۆران، کە هیچى کەمتر نەبێ لە ناوەندە گەورەکان.