ستار حەمە سەعید
بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە بۆ چوون وسەرنجی زۆر هەیە، ئەوەی بەلای منەوە گرنگە مامۆستایان و پەروەردەکان لەسەر چەند پێوەرێک کار بکەن لە پێناو گەشە پێدانی ئاستی زانستی قوتابییانی لاواز.
دەبێت سەیری قوتابی بکەین تاچەند ورەی بەرزە لەکاتی هەڵسەنگاندنی ئاستی زانستییەکەی ئەگەر قوتابی ورەی بەرز نەبوو، متمانەی بە توانای خۆی کەم بوو، دەبێ هۆکارەکانی دەرەکی زیاتر بکەین کە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ورەو توانا ناوەکییەکانی، چونکە توانا شاراوەکانی مرۆڤ بەرزدەبنەوە و ورە بەرزی کاریگەریەکی زۆری هەیە لەسەر بەرز کرنەوەی تواناکانی.
ئەمەش بۆ مەودایەکی دوورو درێژ دایک و باوک دوای بانگێشت کردنە قوتابخانە بە هەماهەنگی لەگەڵ گشت مامۆستایان، تیشک بخەنە سەر قوتابییەکە بەردەوام دەستەواژەی ئەرێنی ئاراستە بکەن زیاتر بابەتەکانی بۆ بکرێنە شتێکی چێژ بەخش بەهیچ شێوەیەک بابەتەکان بە گران سەیرنەکەین بۆی زیاتر لە شتی ئاسان دەست پێ بکات و بەستنەوەی بابەتەکان بە ژیانی رۆژانەی قوتابییەکە بیر کردنەوە لە بابەت ئامانجی خوێندنەکە بێت.
دەستەواژە نەرێنیەکانی وەکو تۆ تەمبەڵی، گەمژە و دەبەنگی ،بێ مێشکی،هتد لە فەرهەنگی دایک و باوک و مامۆستایان بسڕێنەوە بەهیچ جۆرێک ئەم وشە سواوانە دوبارە نەکرێنەوە تا نەبێتە هۆی کوشتنی توانا شاراوەکانی قوتابی بە پێچەوانە تا بکرێت قوتابی هان بدرێت دەست خۆشی لە بەشداربوونەکانی بکرێت هان بدرێت بۆ سەرکەوتن.
لەم سەردەمەی دوای دا مامۆستایان ئاشناکراون بە میتۆدە جیاوازەکانی وانەوتنەوە، پێویستە زیاتر پەرە بەخۆیان بدەن، پێشچوونە پۆل بەرنامەو پلانی پێشوەختەی ئامادەکراویان هەبێت تا لە مەیدانی وانەوتنەوە جێبەجێیان بکەن، بەم شێوەیە کاروانی پڕۆسەی خوێندن هەنگاوێکی زیاتر دەچێتە پێشەوە زیاتر رێخۆشکەربێت مامۆستا بۆ ئەوەی قوتابی داهێنان بکات، تواناکانی کاڵ نەکرێنەوە، زیاتر بەرەو دواوەی نەبات.
وتەیەک هەیە دەڵێ ” ماسی گرتنت فێردەکەم لە جیاتی ماسیت بۆ بگرم”. بەم شێوەیە قوتابی وا ئاراستە بکات کە بتوانێ رێگای ڕووناکی خۆی بدۆزێتەوە و سەرکردایەتی تواناکانی بکات و خۆی پێ بگەیێنێت و بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێت.