گەڕانەوەی حاجییەکان لە ٢١ی ئەم مانگەوە دەستپێدەکات و تاوەکو ٣ی تەممووز بەردەوام دەبێت.
مەیسەم سافی، گووتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند” هەموو ئامادەکارییەکیان بۆ گەڕاندنەوەی حاجییانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە رێگەی هێڵی ئاسمانی عێراقییەوە کردووە، و گەڕانەوەی حاجییەکان لە ٢١ی ئەم مانگەوە دەستپێدەکات و تاوەکو ٣ـی تەممووز بەردەوام دەبێت”.
راشیگەیاند ” سەرەتا رۆژانە لە فڕۆکەخانەی جەدەوە دوو گەشتی گەڕانەوە دەبن، لە ٢٤ی مانگ ژمارەی گەشتەکان دەبێتە چوار گەشت، دواتر بۆ ٦ گەشت لە رۆژێکدا زیاد دەبێت بۆ ئەوەی حاجییەکان زوو بگەڕێنەوە”.
سەبارەت بە رێگەی وشکانی، گووتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێت” ١٨ هەزار حاجی لە رێگەی پاسەوە دەگەڕێنەوە، وەزارەت ئامادەکاری کردووە و چاوەڕێی وەڵامی دەستەی حەج و عومرەی عێراق دەکات بۆ ئەوەی گەڕانەوەیان دەستپێبکات”.