زاری كرمانجی – سۆران :
لە شاری بەسرە لە باشووری عێراق كرێكارێك هەستاوە بە كوشتنی چوار هاوڕێی خۆی و پارچە پارچەكردنی جهستهيان.
وەزارەتی ناوخۆیی عێراق لە بەیاننامەیەكدا كە شەوی رابردوو بڵاویكردووەتەوە ئاشكرای كردووە، “پاش ئەوەی جەستەی پارچە پارچەكراوی دوو كرێكار لەنێو دوو زبڵدانی ناوچەكانی ئەلتوەیسە و دور ئەلنەفت دۆزرانەوە پۆلیسی بەسرە دەستیانكرد بە پشكنین بەمەبەستی لێكۆڵینەوە لە تاوانەكە، پاشان توانرا بەڵكەی تایبەتە بە تاوانەكە بدۆزرێتەوە”.
بەپێی بەیاننامەكە، پاش بەدواداچوون دەركەوتووەتە كە چوار كرێكار بەهەمان شێوەی یەكتری كوژراون و تەرمەكانیان فرێدراوە.
لەبارەی ناسنامەی كرێكارە كوژراوەكان، وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشكرای كردووە،”كرێكارەكان هەرچواریان هەڵگری رەگەزنامەی میسرین و لە پرۆژەیەكی بیناسازیدا كاریان كردووە، پێشتر كونسوڵخانەی میسر لەسەر دیارنەمانیان زانیاری پێشكەش بە پۆلیس كردووە”.
بەپێی زانیارییەكانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، “تۆمەتباری سەرەكی رووداوەكە هاوڕێی قوربانیەكانەوە و پاش ئەنجامدانی تاوانەكە هەڵاتووە بۆ بەغدا، بەڵام پاش كۆكردنەوەی بەڵگەی پێویست توانراوە دەستگیر بكرێت”.
وەزارەتی ناوخۆ لە بەیاننامەكەیدا ئاشكرای كردووە، “تۆمەتبارەكە دانی بەوەدا ناوە كە ئەو چوار كەسەی كوشتووە و تەرمی ئەوانی پارچەپارچە كردووە و لە ناوچە جیاجیاكانی ناوەندی شاری بەسرە حەشاری داون”.
































































