لە چوارچێوەی پڕۆژەکە دە هەزار گەنجی عێراقی ڕاهێنانیان پێ دەکرێت
”کوردستان بۆ هەموو عێراقییەکان بووەتە ئارامگەو وێستگەیەکی گەشتیاریی گرینگ”
بەختیار سەباح-زاری کرمانجی:
گروپی باڵیۆزی گەنجانی عێراق، کە لەلایەن نووسینگەی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتی دەکرێن، سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیان کرد.
گروپی باڵێوزی گەنجانی عێراق، کە لە 200 گەنجی گشت پارێزگاکانی عێراق پێکهاتبوون، سەردانی ئیدارەی سۆرانیان کردو لە هاوینەهەواری بێخاڵ لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری سۆران پێشوازی کران.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزرای سۆران بڵاویکردووەتەوە، پڕۆژەی باڵیۆزی گەنجانی عێراقی، لەلایەن نووسینگەی محەممەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتی دەکرێن و لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای گەنجان بەرێوەدەچێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە چوارچێوەی ئەو پڕۆگرامە، بڕیارە وایە 10 هەزار گەنجی عێراقی ڕاهێنانیان پێ بکرێت، ئەوە گرووپی یەکەم بوون، کە لە پارێزگای هەولێر کۆتایی بە ڕاهێنانیان هات .
فەیسەل سادق بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری سۆران لە پێشوازی و بەخێرهاتنی گروپەکە بۆ ئیدارەی سۆران گووتی: ”کوردستان بە سروشتە جوان و دڵڕفێنەکەی، بە سەقامگیری ئاسایش و ئارامییەوە پێشوازیتان لێ دەکات، داوای لێکردن، هەریەکە لەو گەنجانە ببنە سەفیری کوردستان و ئەو ڕاستی و پێشکەوتنەی هەرێمی کوردستان، بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق بگوازنەوە”.
باسی لەوەشکرد، ”پێویستە حکومەتی عێراق پاڵپشت و هاوکاری کوردستان بکات، وەک نموونەی ناوچەیەکی پێشکەوتوو، کە بۆ هەموو عێراقییەکان بووەتە ئارامگەو وێستگەیەکی گەشتیاریی گرینگ، تا زیاتر پەرەی پێ بدرێت و بەرەو پێشتر بچێت، نەوەک گرفت و کێشەی بۆ دروست بکرێت ”.
