رێكخراوێك ئاماژەی هێرشەكانی ئەمساڵی توركیای بۆ سەر هەرێمی كوردستان ئاشكرا كرد و ئاماژە بە ژمارەی قوربانیانیش دەكات.
رێكخراوی ئاشتی، رایگەیاند” لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا مانگی 6-2024 وە سوپای توركیا 833 هێرش و بۆردوومانی بۆسەر خاكی هەرێمی كوردستان ئەنجامداوە”.
كامەران عوسمان، ئەندامی رێكخراوی ئاشتی وردەكاری زیاتر لەسەر بۆردومانەكان دەخاتەروو، ئەو دەڵێت ” هێرشەكان بەم شێوەیەی خوارەوە بوون:
پارێزگای دهۆك: 365، هێرش و بۆردوومان.
پارێزگای هەولێر: 356، هێرش و بۆردوومان.
پارێزگای سلێمانی: 102، هێرش و بۆردوومان.
پارێزگای نەینەوا: 10، هێرش و بۆردوومان.
ئەو ئەندامەی رێكخراوی ئاشتی زیاتر لەبارەی هێرشەكان دەدوێت و دەڵێت” بەتەنیا لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، سوپای توركیا 27 بۆردوومانی بۆسەر زنجیرە چیای مەتینا و گەلی ڕەشاڤا لە قەزای ئامێدی، چیای ساوێن لە بناری قەندیل، لوتكەی كوڕاشەڵ و بناری چیای كێوەڕەش لە قەزای ڕانیە، چیای جاسوسان لە قەزای پشدەر، گوندی كانی میرانی كۆماری و نزارە لە قەزای پێنجوێن ئەنجامداوە”.
كامەران عوسمان لەبارەی زیانەكانەوە دەڵێت” بە تەنیا لەم ساڵدا، 8 هاووڵاتی مەدەنی، بەهۆی بۆردوومان و لەشكركێشییەكانی سوپای توركیا بۆسەر خاكی هەرێم شەهید بوونە”.
چەندین ساڵە هێزەكانی ولاتی توركیا بە فڕۆكەی شەڕكەر و درۆنەوە و بە بیانووی بوونی هێزەكانی دژ بەری خۆی هێرش دەكاتە سەر خاكی هەرێمی كوردستان و جگە لە زیانی گیانی و ماددی كە بەرهاووڵاتیان كەوتووە، زیانێكی زۆریشی لە ژینگەی هەرێمی كوردستان داوە و بە هۆی سەدان گوند چۆڵ كراون.