مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە كۆڵبەر نیووز تۆماركراون و بڵاوكراونەتەوە، لە ماوەی كەمتر لە سێ مانگی ڕابردوو 17 كۆڵبەری كورد لە سنووری نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە هۆكاری جیاواز گیانیان لەدەستداوە و یەكێك لە قوربانیان منداڵێكی كۆڵبەری تەمەن 15 ساڵە.
كۆڵبەر نیووز ئاماری گیان لەدەستدانی كۆڵبەرانی كوردی بڵاو كردەوە و ڕادەگەیەنێت “لە ماوەی حەفتا ڕۆژی ڕابردوو بە گشتی ١٧ كۆڵبەر لە هێڵی سنووری كوردستان بەهۆی هۆكارەكانی وەك تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی هەنگی مەرزی، سەرما، وەستانی دڵ، كەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزاییە سنوورییەكانی كوردستان گیانیان لەدەستداوە.”
كۆڵبەر نیووز ئاشكراشی دەكات لە كۆی ئەو ١٧ كۆڵبەری گیانیان لەدەستداوە، ١٢ یان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی هەنگی مەرزی كوژراون و كۆڵبەرێكیش بەهۆی وەستانی دڵ و دووی تریش بەهۆی سەرما و دوو لە كۆڵبەرەكەی تریش لە ئەنجامی كەوتنە خوارەوە لە شاخ لە كاتی ڕاوەدوونانیان لەلایەن هێزەكانی هەنگی مەرزییەوە گیانیان لەدەستداوە كە یەكێكیان منداڵێكی تەمەن 15 ساڵان بوو بە ناوی (هەستیار عەبدولكەریمی) .