ئاتنا فەرەقدانی هونەرمەند و چالاکی سیاسی ئێران پاش ئەوەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە تاران دەستگیرکرا و بۆ بەندیخانەی ژنانی ئێڤین گواسترایەوە، لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای شەش ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئاتنا فەرقدانی هونەرمەند و چالاکوانی مافی منداڵانی دانیشتووی تاران، لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران بە تۆمەتی “سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکان” سزای ٥ ساڵ بەندکردن و بە تۆمەتی “چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەت” سزای ١ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.
محەمەد موقیمی پارێزەری ئاتنا فەرقدانی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی” دادگا بە بیانووی هەژماری سزاکان، سەختترین سزای لەو دوو تۆمەتەدا کە ئاماژەیان پێکرا لەبەر چاو گرتووە”.
ئاتنا فەرقدانی، بەندکراوی سیاسی پێشوو، ئەمساڵ لە کاتی هەڵواسینی یەکێک لە کارەکانی لەسەر دیوارێک لە شەقامی پاستۆری تاران دەستگیرکرا.
ئاتنا فەرقدانی ساڵی ڕابردووش دوای بانگکردنی بۆ لقی لێپرسینەوەی خانەی دادی ناوچەی ٣٣ی تاران دەستگیرکرابوو.
ئاتێنا فەرقدانی ساڵی ١٩٨٧ لە دایکبووە، هونەرمەند و چالاکی سیاسی ئێرانە، ساڵی ٢٠١٤ بۆ ماوەی سێ مانگ لە زیندانی ئەڤینی تاران بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی “پڕوپاگەندە و سوکایەتیکردن بە ئەندامانی پەرلەمان و سوکایەتیکردن بە ڕێبەری باڵای ئێران” زیندانیکرا و لە مانگی نۆڤەمبەردا ئازاد کرا.