موڕشید برادۆستی – سۆران:
لە نێو ئۆرگانەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان باس و خواسی كۆنفرانس گەرمە، بەپێی زانیارییەكانی زاری كرمانجی لە ئاستی باڵا بڕیاری كۆنفرانسی پارتی دراوە و دەست بە ئامادەكاری دەكرێت، بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستانیش رایدەگەینێت، بەهۆی دیاری كردن كاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و هەندێ پێشهاتی دیكە، نەتوانرا لە ماوەیەكی زوودا لە دوای كۆنگرە كۆنفرانس ئەنجام بدرێت .
عوسمان قادر كارگێڕی لقی 10ی پارتی لە سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” لە ماوەی رابردوو، كۆمیتەی ناوەندی پارتیمان كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا و تیایدا بڕیاری ئەنجامدانی كۆنفرانسی نێوخۆی حیزب دەرچووە، بەڵام بەشێوەیەكی فەرمی ئاگادار نەكراینەوە لە دیاری كردنی كات و سات و رێنمایەكانی ئەنجامدانی كۆنفراس، بەڵام بێگومان پرۆسەكە داهاتووێكی نزیك دوای جەژنی قوربان ئەنجام دەدرێت .
بە گووتەی ئەو كارگیڕەی لقی 10ی پارتی، لە ئاستی مەكتەبی سیاسی و بەشی رێكخستن هەموو ئامادەكارییەك كراوە بۆ بەڕێوەچوونی كۆنفرانسی نێوخۆی پارتی، بێگومان لە لق و ناوچەكانیش دەست بە ئامادەكاری دەكرێت، ئاشكراشی دەكات، كۆنفرانسی ناوخۆیی پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لە بچووكترین ئۆرگانەوە دەست پێ دەكا و هەڵبژاردن و دەنگدان لەسەر پۆستەكان دەكرێت تا دەگاتە مەكتەبی رێكخستنی پارێزگاكان، بە پرۆسەیەكی تەواو ئازادانە و شەفاف بەڕێوە دەچێت و هەر ئەندامێكی پارتی دەتوانێ ئارەزوومەندانە خۆی كاندید بكات، دەشڵێت:” بنكەكان سێ كەس هەڵدەبژێرن واتە بەرپرسی بنكە و دوو جێگر، بنكەكان ستافی رێكخراو كە ئەوانیش لە بەرپرس و دوو كارگێڕ دەبن هەڵدەبژێردرێن، دواتر ستافی نوێی رێكخراوەكان لیژنەی ناوچە بەرپرس و چەند كارگێڕێك هەڵدەبژێرن، دواتر ستافی ناوچەكان ستافی نوێی لق هەڵدەبژێرن، ستافی لق ئەمجارە مەكتەبی رێكخستنی پارێزگا هەڵدەبژێرن .
عوسمان قادر كارگێڕی لقی 10ی پارتی لە سۆران، دووپات لەوەدەكاتەوە، ئەو كۆنفرانسە، بەپرسی مەكتەبی رێكخستن و جێگرەكان و بەرپرسی لقەكانی پارتی ناگرێتەوە، بەڵكو بەششێوەی مەركەزی لەلایەن دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی و لەژێر رێنمایەكانی سەرۆك بارزانی سەرۆكی پارتیمان دیاری دەكرێن و دادەندرێن”.
جێگەی باسە، لە تشرینی دووەمی ساڵی 2022 بە بەشداریی 1050 ئەندام، پارتی دیموكراتی كوردستان 14مین كۆنگرەی خۆی لە شاری دهۆك بەست، بڕیاریشە دوای جەژن كۆنفرانسە ناوخۆییەكانی لەسەر ئاستی لق و ناوچە و ئۆرگانەكانی دیكە ئەنجام بدات.