مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
تیمێكی ڕاوێژكاری هێزەكانی هاوپەیمانان بۆ ئاگاداربوون لە ڕەوشی هێزەكانی پێشمەرگە و داواكاری و پێداویستییەكانیان سەردانی هێزێكی پێشمەرگە دەكات.
دوێنێ سێشەممە 11ـی حوزەیران، لیوا ڕكن ڕێبوار محێدین فەرماندەی فیرقەی ٢ی پیادەی هێزەكانی پێشمەرگە، پێشوازی لە تیمێكی ڕاوێژكاری هێزەكانی هاوپەیمانان كرد، كە بە مەبەستی ئاگاداربوون لە ڕەوشی پێشمەرگە، سەردانی بارەگای فیرقەی دووی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگەیان كردبوو.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوی كردەوە “تیمەكەی هاوپەیمانان لەگەڵ فەرماندە و ئەفسەرانی فیرقە كۆبویەوە، بۆ زیاتر ئاگادار بوون لە ڕەوشی هێزەكانی پێشمەرگە و داواكاری و پێداویستییەكانیان،”
لە كۆتایی دانیشتنەكە، لیوا ڕكن ڕێبوار محێدین، ئاڵایەكی كوردستانی بە دیاری بەخشییە تیمەكەی هاوپەیمانان و هیوای خواست هاوكارییەكانی هاوپەیمان بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام بێت.




