مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وەزارەتی كشتوكاڵ لە پێناو دووربوونی هاووڵاتییان لە تووشبوون بە تای خوێنبەربوون، چەند ڕێكار و ڕێنمایی سەربڕینی ئاژەڵانی لە جەژنی قوربان بڵاو كردەوە :
- بە مەبەستی ڕێگریی لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون، بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی قوربانی بە شێوازێكی تەندروست، لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان، جەخت دەكەینەوە پێویستە ئاژەڵەكان لە سەربڕخانەی فەرمی سەر ببڕێن.
- لە ڕۆژانی جەژنی قوربان، سەربڕخانەكان بە ئامادەبوونی پزیشك و كارمەندی ڤێتێرنەری كراوە دەبن.
- توند و تۆڵەكردنەوەی ڕێكارەكانی پشكنینی پێش و دوای سەربڕینی ئاژەڵ و پشكنینی گۆشتی بەرهەم هاتوو.
- پێویستە ئاژەڵەكە تەندروست بێت و هیچ نەخۆشییەكی نەبێت؛ گەنە (قڕنە) و مشەخۆری دەرەكی لەسەر نەبێت.
- هەر ئاژەڵێك دەرمانی چارەكردنی پێ درابێت نابێت ڕاستەوخۆ سەر ببڕێت، بەڵكوو پێویستە كاتی سەربڕین دوای بەكارهێنانی دەرمان، بە پێی ڕێنمایی پزیشكیی ڤێتێرنەری و تایبەتمەندیی دەرمانەكە بێت.
- پێویستە لەسەر خاوەن ئاژەڵ پێش فرۆشتنی ئاژەڵەكانی (بۆ سەربڕین یان قوربانی) بۆ ماوەی نزیكەی سێ هەفتە هیچ جۆرە دەرمانێك نەدات بە ئاژەڵەكان و هۆڵی بەخێوكردنی ئاژەڵەكان بە دەرمانی تایبەت بڕشێنرێت و چارەسەری ئاژەڵە نەخۆشەكانی بكات.
- پێویستە كەسی قوربانیكەر (قەساب و هاووڵاتی) ڕێكارەكانی خۆپارێزیی لە كاتی سەربڕینی ئاژەڵ و گۆشت ئامادەكردن پەیڕەو بكەن، بەتایبەت بەكارهێنانی دەستكێش، جزمە و بەركۆش.
- لە كاتی گواستنەوەی گۆشت ڕەچاوی پلەی گەرمی بكرێت.
- پێویستە گۆشتەكە 12-24 كاتژمێر لە ساردكەرەوە هەڵبگیرێت و پاشان بەكار بهێنرێت.
- فڕێنەدانی پاشماوەی ئاژەڵە سەربڕاوەكە لەسەر شەقامەكان.