زاری كرمانجی :
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی حكوومەت و تەواوی وەزیرەكان لەسەر چەند تەوەرێكی گرنگ كۆدەبێتەوە .
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە زاری كرمانجی دراوە، ئەنجوومەنی وەزیران لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكەدا، ئەنجامی سەردانی شاندی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان و نوێنەری كۆمپانیا نەوتییەكان بۆ بەغدا تاوتوێ دەكرێت، كە لە ڕۆژانی 8 و 9 ی حوزەیران لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقی بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە.
لە بڕگەی دووەمدا، پرسی كردنەوەی دوو گۆڕەپانی گومرگی لە پارێزگاكانی دیالە و موسڵ كە لەلایەن حكوومەتی فیدراڵەوە كراونەتەوە، تاوتوێ دەكرێت؛ بە هۆی ئەوەی كاریگەری لەسەر ڕێڕەوی جووڵەی بازرگانیی دەرەوازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت.
بڕگەی سێیەمی كۆبوونەوەكە بریتییە لە خستنەڕووی بابەتی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، كە بڕیارە لە 20-21 ی تشرینی دووەمی ی 2024، لە عێراق و هەرێمی كوردستان بەڕێوە بچێت.
بڕگەی چوارەمی كۆبوونەوەكە، بریتییە لە خستنەڕووی ئامادەسازییەكانی وەزارەتی پەروەردە و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ تاقیكردنەوە گشتییەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان، بە هەموو بەشەكانییەوە.