زاری كرمانجی – سۆران :
بەڕێوەبەری ناحیەی دیانا، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” ڕەزامەندی لەسەر ژمارەیەك پڕۆژەی خزمەت گوزاری بەتایبەت لە بواری رێگە و بان و قیڕتاوكردن لە سنوورەكەمان وەرگیراوە و لە داهاتووەكی نزیكدا جێبەجێ دەكرێن.
فەرزنگ ئەحمەد بەڕێوەبەری ناحیەی دیانا، دووپاتی كردەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە مەبەستی ئاسانكاری بۆ هاووڵاتییان و پێشكەش كردنی خزمەت گوزاری سەرەتایی، بە گوژمەی نزیكەی یەك ملیار دینار لە سەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سەرجەم كۆڵانەكانی گەڕەكی برادۆست لە سنووری ناحیەمان قیڕتاو دەكرێن، پڕۆژەكە دراوەتە تەندەر و لە داهاتووەكی نزیكدا دەستی پێدەكرێت .
بەڕێوەبەری ناحیەی دیانا، ئاشكراشی كرد:” هەر لە سەر بودجەی ئیدارەی سۆران، چەند كۆلانێكی گەڕەكی كانی كاری قیڕتاوكردنیان بۆ ئەنجام دەدرێت، ئەمەش ئاسانكاری زۆر بۆ دانیشتوانی ئەو گەڕەك و كۆڵانانە دروست دەكات، بە تەواو كردنی ئەو پڕۆژانەش ئاستی ئاوەدانی لە سنوورەكەمان دەچێتە قۆناغێكی نوێ و سیمایەكی جوانیش دەبەخشێت .
لە ماوەی رابردوو، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەردی بناغەی چەند پڕۆژەیەكی ستراتیژی لە ئیدارەی سۆران دانا، دوو لەو پڕۆژانە جووت سایدی هۆڵی بۆنەكان و دامەزراندنی كارگەی ریسایكلین دەكەونە سنووری ناحیەی دیانا و كاركردنیان تێدا بەردەوامە .