محەمەد ئامۆكەیی- زاری كرمانجی:
بەر لە 25 ساڵ یەكەم وێستگەی كاركردنی رادیۆ دەبێت و ئەوكات تەمەنی تەنیا 14 بەهار دەبێت دوای ساڵێك لەكاری رادیۆ لەیەكێك لە رۆژنامەكان بەناوی وڵات درێژە بە پیشەكەی دەدات، نیان محەمەد، لە دیدارێكی زاری كرمانجی تیشك دەخاتە سەر رۆڵی میدیا هەندێ پرسی تری پەیوەست بە راگەیاند، راشی دەگەیەنێت: دوو ساڵە بەتەواوی لە راگەیاندن دابڕوام بیری ئەكەم خەمی لێ ئەخۆم، بەڵام خۆم سەرقاڵكردووە بە كاری رۆژانە.
نیان محەمەد، لەدەستپێكی قسەكانی بەشێك لەو كەناڵ و پەیجانەی ئێستا هەن بەتێكدانی پەروەردەی كۆمەڵگەی كوردی تاوانباریان دەكات وەك خۆی دەڵێ ” بەداخەوە جگە لە زۆری و بۆری رۆڵیان زۆر چالاكە لە تێكدانی ئایدیاو ئیتیك و پەروەردەی خەڵك، لە شوێنی خۆشەویستی رق بەرهەم ئەهێنن، لە جێگەی زمانی شیرین بە بڵاوكردنەوەی بابەتەكانیان وا ئەكەن خەڵك جنێو ببارێنێت كاتێ سێرجێك بەنێو پەیجەكان دەكەی پڕە لە قسەی ناخۆش و رەق و جنێو، لە هەر كەس بپرسیت پێت ئەڵێت راگەیاندن بە رۆڵی خۆی هەڵناستێت، لەراستیدا زۆربەی هەرە زۆری نازانێت رۆڵی راستەقینەی راگەیاندن چیە، ئێمە پێشیر راپۆرتی ساردمان ئامادە ئەكرد كە بریتی بوو لە باسێكی كۆمەڵایەتی و جوان یان كۆمیدی لە كۆتایی هەواڵەكان پێشكەش بە بینەر ئەكرا ئەمان وت لە هەواڵەكان باسی شەڕ و كوشتن كراوە با دەرونیان ئارام بكەینەوە دڵمان نە ئەهات بێ ئەوە بینەری خۆمان جێ بێڵین، ئەی ئێستا هەمووی پێشبڕكێیەتی لەسەر ئەوەی كامیان روداوەكە رونتر پیشان بەن بێ ئەوەی گوێ بەنە لایەنی دەرونی و كۆمەڵایەتی و پەروەردەی تا دوایی”.
ئەو خانمە میدیاكارە پێی وایە زۆرێك لەو كچانەی مایكیان داوەتە دەست بێ ئەوەی ئەزموونێكیان هەبێت تەنیا لەبەر ئەوەی تەجمیلێكیان كردووە كەناڵەكان وەریان دەگرن، روونی دەكاتەوە” لە ئێستادا میدیا لەبەر ئەوەی كەسی گونجاو و خاوەن ئەزموونی تێدانەماوە، بەناچاری پشت ئەبەستن بەو كچانەی كە جگە لە جوانكاری رووی دەرەوەیان هیچی تریان لەبارانیە، بڕوا بكە بەرنامەكانی ئێستا هەر ئەوەی زووە بەڵام بە سەقەتی، چونكە خۆیان خاوەنی بیرۆكەكە نین لێیان نایەت، نایزانن، بە كەموكورتی ئەیكەن، باشە من ئەپرسم هەموو بەرنامەیەك یان هەركارێك كە دەتەوێ ئەنجامی بدەیت ئامانجێك ئەبێت هەبێت ئەی ئامانجی ئەم بەرنامانەی ئێستا چیە؟ جگە لەوەی كات پڕئەكەنەوەو خەڵك و بینەرو خوێنەر ئەكەن بە قوربانی خۆشیان ناسراو ئەبن و ئیتر دەم و دانیان چاك ئەكەن و لێویان هەڵئەتۆقێنن و دەموچاویان پڕئەكەن لە سلیكۆن و فیلەر و جل و بەرگیشیان ئەكەوێتە بەلاش و سەیارەو شوقە و ئیتر ئەوانەی هەموو ئەیزانین، نموونەی یەكێك لە بەرنامەكانی لە ئێستادا لە زۆربەی كەناڵەكان هەیە سەردانی لادێ و گوندەكانە، ئەو بەرنامەیە ساڵی ٩٠ كان هەبوو كە هاوڕێم دڵشاد ئەحمەد پێشكەشی ئەكرد ئامانجی جوان بوو چونكە دوای روخانی رژێم بوو تازە لادێكان ئاوەدان دەكرایەوە خەڵكی هان ئەدا بۆ گەڕانەوە بۆ ئاوەدانكردنەوە ئەی ئێستا ئەو خانمانە ئەیانەوێ بڵێن چی ئامانجیان چیە؟ هەر شەرم ئەكەی كە گوێ لە پرسیارەكانیان ئەگریت، میدیاو میدیاكار لە ئێستادا بە داخەوە نە لە میدیا و راگەیاندن تێگەیشتوون نە ئەزانن ئەركی خۆیان و بەهاو قیەمی خۆیان لە دەزگاكانیاندا چیە؟ پێشتر باسی رۆڵی میدیای ئێستام كرد، بەداخەوە خەڵك بێ ئەوەی بزانێت هۆكاری یەكەم و سەرەكی دروستبوون و گەورەكردنی ئەو كەسانەیە كە هەر خۆیان قسەیان پێ ئەڵێن”