مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
فڕۆكەیەك كە جێگری سەرۆكی مالاوی و نۆ كەسی تری هەڵگرتبوو، لە نێوان شاری لیلۆنگوی پایتەخت و مزووزو دیار نەماوە و سەرۆككۆماری ئەو وڵاتەش دەڵێ “ئۆپەراسیۆنی گەڕان بە دوای فڕۆكەكە بەردەوامە،”
بەرەبەیانی دوێنێ دووشەممە، ساولۆس كلاوس چیلیما جێگری سەرۆك كۆماری مالاوی و شاندێكی یاوەری كە لە نۆ كەس پێكهاتوون، بە مەبەستی بەشداریكردن لە پرسەی وەزیرێكی پێشووی وڵاتەكەی، لە ڕێگەی فڕۆكەیەكی هێزەكانی بەرگرییەوە لە شاری لیلۆنگوی پایتەخت گەشتی كردووە بەرەو شاری مزووزو، بەڵام فڕۆكەكە بەهۆی كەشوهەوای نالەباری ناوچەكە نەیتوانیبوو بنیشێتەوە و دواتریش ون بوو.
لە بەرامبەردا سەرۆك لازارۆس چاكوێرا سەرۆككۆماری ئەو وڵاتە، فەرمانی بە هێزە ناوچەیی و نیشتمانییەكان كردووە كە “ئۆپەراسیۆنێكی دەستبەجێی گەڕان و ڕزگاركردن بۆ دیاریكردنی شوێنی فڕۆكەكە” ئەنجام بدەن، هاوكات پەیوەندیی بە ژمارەیەك حكومەتی وڵاتانەوە كردووە، لە نێویاندا، ئەمریكا، بەریتانیا، نەرویج و ئیسرائیل بۆ ئەوەی یارمەتیی بدەن،.
بەڵام تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵە چارەنووسی فڕۆكەكەی جێگری سەرۆككۆمار بە نادیاری ماوەتەوە.
چیلیما لە ساڵی 2022 دا دەسەڵاتەكانی لێ سەنرایەوە، دوای ئەوەی بە تۆمەتی گەندەڵی و وەرگرتنی بەرتیل لە بازرگانێكی بەریتانی بە ڕەچەڵەك مالاوی دەستگیركراو مانگی ڕابردوو دەسەڵاتی دادوەری مالاوی ئەو تۆمەتانەی هەڵوەشاندەوە.