زاری کرمانجی :
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە کاتژمێر 11 ی پێشنیوەڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارێکی نوێ کۆ ببێتەوە و کۆتایی بەو قەیرانە سیاسییە بهێنێت کە ماوەی ساڵێکە ڕووبەڕووی پرۆسەی سیاسی وڵاتەکە بووەتەوە و دەروازێک بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بکاتەوە.
ڕۆژی سێشەممە محەممەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممەی وەک ڕۆژی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکەی دیار کرد بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارێکی نوێ.
بەشێک لە چاودێرانی سیاسیی پێیان وایە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەران، ناتوانێت کۆتایی بە کێشمەکێشمی سیاسی بهێنێت، کە ماوەی 12 مانگە بەرۆکی عێراقییەکانی گرتووە، بەشێکی تریش لەو باوەڕەدان کۆبوونەوەکە کۆتایی بە تەواوی ئاڵۆزی و کێشەکانی بەردەم هەڵبژاردنی سەرۆکی کۆمار و دروستبوونی کابینەی نوێی حکومەت دەهێنێت.