محەممەد مەحموود- سۆران :
بەمەبەستی ئاگادار بوون لە رەوشی تەندورستی حاجیانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە وڵاتی سعودیە كە ئێستا سەرقاڵی جێ بەجێ كردنی ئەركە ئایینەیەكانی حەجن، بەڕێوەبەری نووسینگەی حەج و عومرەی سۆران لە رێگەی زاری كرمانجییەوە باسی رەوشی حاجیان دەكات.
مەلا یوسف چۆمانی، بەڕێوەبەری نووسینگەی حەج و عومرەی ئیدارەی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند ” تەواوی حاجیانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گەیشتوونەتە وڵاتی سعودیە و هەموویان سەلامەت و بێ گرفتن، رۆژانەش بە بەردەوامی تیمەكانی تەندروستی و سەرپەرشتیاران چاودێریان دەكەن و رێنمایی پێویستیان پێدەدەن، تاكو ئێستا تەواوی حاجیانی كوردستان سەلامەتن”.
بەڕێوەبەری نووسینگەی حەج و عومەرەی سۆران باسی لەوەشكرد” بۆ ئەمساڵ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ٣٠٠ حاجی سەفەری سعودیەیان كردووە بۆ بەجێگەیاندنی فەڕیزەی حەج لەوانە ١٥٤ پیاو و ١٣٥یش ئافرەتن، تەواوی خزمەتگوزارییەكانیان بۆ دابینكراوە و رۆژی هەینیش لە دوای نوێژی ئێوارە بەرەو كێوی عەرفە بەڕێدەكەون.
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ٣ ملیار دیناری تەرخانكردووە وەك پاڵپشتی بۆ ئەو كەسانەی چوونەتە وڵاتی سعودیە بۆ بەجێگەیاندنی فەڕێزەی حەج، وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومەرەشی راسپاردوون بە باشترین شێوە خزمەتی حاجیان بكرێت لە رووی چوون و هاتنەوە و خواردن و شوێنی مانەوەیان.


































































