محەممەد مەحموود- سۆران:
ئەمڕۆ دووشەممە لە دیوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران بە سەرپەرشتی “اكارا الیشا كیۆ “بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سۆران و سەرۆكی لیژنەی ئەزموونەكان و بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری سەرپەرشتی كردنی پەروەردەیی /سۆران و بەڕێوەبەرانی پەروەردەی قەزای (ناوەندی سۆران، مێرگەسۆر، چۆمان، ڕواندز) و سەرپەرشتیارانی یەكەمی پەروەردەی قەزاكان، كۆبونەوەیەكی تایبەت بە تاقیكردنەوەكانی پۆلی دوانزدە 12ی ئامادەیی بەڕێوەچوو.
ئەحمەد حەمەدەمین، لە ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران بە زاری كرمانجی راگەیاند” ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە تاقیكردنەوەكانی پۆلی ١٢ ی ئامادەیی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران بەڕێوەچوو، سەرەتای كۆبوونەوەكە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سۆران وادەی بەڕێوەچونی ئەزموونە گشتیەكانی پۆلی ١٢ ئامادەیی و ڕێكارەكانی پەیوەست بەگرتنەبەری ڕێوشوێنی تایبەت بە پڕۆسەكە وەك تەوەرەی سەرەكی كۆبوونەوەكە باسی لێوەكرد، هەر لە درێژەی كۆبوونەوەكە بەڕێوەبەری گشتی، ئاماژەی بە گرنگی و هەستیاری پڕۆسەكە كرد و وەك پڕۆسەیەكی گشتگیر و نیشتمانی وەسف كرد و پێویستە وەك یەك تیم هاوكار و هەماهەنگ بین، هەروەها داوایكرد ڕاسپاردە و ڕێنماییەكانی جەنابی وەزیر و وەزارەتی پەروەردە وەك خۆی و بێ كەموكورتی پەیڕەو بكرێت بۆ ئەوەی سەركەوتوانە پرۆسەكە بەڕێوەبچێت”.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران، گوتیشی: لەلایەن وڵات عوسمان، بەرپرسی ئەزموونەكان لە بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران ڕێنمایی و ڕاسپاردەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەزموونەكان خرانەڕوو، هەروەها بواردرا بە سەرجەم بەشداربووان ڕاوبۆچوون و سەرنجەكانیان بخەنە ڕوو، لە كۆتایدا بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی سۆران سوپاسی ئامادەبوانی كرد و هیوای سەركەوتنی پڕۆسەكەی خواست.