هاوسەرگیری پێویستە وەك پرۆسە سەیر بكرێت، لەبەر ئەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری گەورەترە لە گرێبەست، پرۆسەی هاوسەرگیری بریتییە لە: خۆشەویستی و رێز و متمانە و لێكتێگەیشتن و ژیانكردن.
گرێبەست رێكەوتنێكە لەنێوان لایەنەكان ، رەهەندێكی ماددی تێدایە . لە گرێبەستدا لایەنەكان ئەتوانن بە ئاسانی بیر لە هەڵوەشانەوەی بكەنەوە.
گرنگە لە یاسایی باری كەسی :(گرێبەستی هاوسەرگیری) بگۆردرێت بكرێتە (پرۆسەی هاوسەرگیری).خەڵكانێك بەوپەری بڕوانامەی بەرزەوە بەرەو پیری هاوسەرگیری دەڕوات . بەڵام بە هزرێكی كۆن و نەریتێكی خراپ! هەموو بیركردنەوە و ئەقلی كۆنی خۆیی تەنها لەو گرێبەستدا دەبینیێتەوە .
وا دەزانێت ، ئەم گرێبەستە دابینكەری خۆشبەختییە و خۆشەویستی بەرهەم دێنێت، بێ ئاگا لەوەی هەر لەمانای هاوژینی و هاوسەری ناگات.
پرۆسەی هاوسەرگیری : ئامادەكارییە ، معریفەیە ، قوڵبوونەوەیە، لە واتای هاوسەرگیری، بەڵام ئەقلی كۆنەخواز تا ئێستاش باوەری بە مارەیی زۆرە، كە نازانێت مارەیی زۆر واتە بێ متمانە بوون لە هاوسەرگیری.
هاوسەرگیری ئێستاشی لەگەڵدا بێت لەناو زۆربەی خانەوادەو خێزانەكاندا، دەبێ بە ئەقلی باب و برا ئەم گرێبەستە ئەنجام بدرێت. بێ ئەوەی كەسانێك خۆیان بن لەم نێوەندە، بەڵكو ئەمیش نەیتوانیوە خۆی بدۆزێتەوە (خۆ بوون)بۆتە بەشێك لەم ئەقلە كۆنە.
زۆرێك لە ئافرەتان بەر لەئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیری، بیر لەجیابوونەوە دەكەنەوە، واتە بەوپەڕی بێمتمانەوە دەچنە ناو گرێبەستی هاوسەرگیری، بۆیە بەشێوەیەكی زۆر نەریتیانە و بە دونیا بینینێكی دواكەوتوو بیر لە مارەیی زۆر دەكەنەوە. پێویستە كچ و كوڕانمان بەوپەڕی متمانەوە پرۆسەی هاوسەرگیری ئەنجام بدەن .