کشتوکاڵى ڕواندز؛ بۆ لەناوبردنى کرمى مەلکەسەن داواى دەرمانى بۆ جووتیاران کردووە
زارى کرمانجى-ڕواندز:
دواى بڵاوبوونەوەى هەواڵێک لە زارى کرمانجى، لەسەر زیادبوونى کرمى (مەلکەسەن) لە گوندى گەرەوانى سنوورى قەزاى ڕواندز، کە بۆتە هۆى زیان گەیاندن بە دارو درەختى ناوچەکە، بەڕێوەبەرایەتى کشتوکاڵى ڕواندز بەدواداچوون لەسەر ئەم بابەتە دەکات و داوا دەکات دەرمان بە جووتیاران بدرێت.
پەیام دڵدار، بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى ڕواندز لەمبارەیەوە بە زارى کرمانجى ڕاگەیاند :” لە گوندى گەرەوان، کرمى (مەلکەسەن) زیانێکى زۆرى بە دارودرەختى ناوچەکە گەیاندووە، لەسەر ئەم بابەتە نوسراومان بۆ بەڕێوەبەرایەتى گشتیى کشتوکاڵى سۆران کردووە، بۆ ئەوەى دەرمان بە جووتیاران بدرێت و ڕێگرى بکرێت لە زیادبوونى ئەو کرمە، بۆ ئەوەى زیانى زیاتر بە رەزو باخى جوتیاران نەگەیەنێت”.
زیاتر گووتى: ”بەڕێوەبەرایەتى گشتیى کشتوکاڵى سۆران، وەزارەتى کشتوکاڵى هەرێمى لەسەر ئەم بابەتە ئاگادار کردۆوەتەوە، چاوەڕێ دەکەین دەرمانى تایبەت بێت و بەسەر جووتیاران دابەشى بکەین، تا ئەو شوێنانەى پێویست بێ رشاندنیان بۆ بکرێت”.