330 باڵۆنی پڕ لە زبڵ و خاشاكی ڕەوانەی ناوچە سنوورییەكانی كۆریای باشوور كرد
مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
جارێكی دیكە كۆریای باكوور بە دەییان باڵۆنی پڕ لە زبڵ و خاشاكی ڕەوانەی ئاسمانی كۆریای باشوور كرد و سوپای ئەو وڵاتەش دەڵێت”ئەم ساڵ كۆریای باكوور زیاتر لە هەزار باڵۆنی پڕ لە زبڵی ڕەوانەی ناوچە سنوورییەكانی ئێمە كردووە،”
سوپای كۆریای باشوور، دوێنێ شەممە 8ـى حوزەیرانی 2024 ڕاگەیاند “كۆریای باكوور 330 باڵۆنی دیكەی ناردووەتە ئاسمانی وڵاتەكەمان و تا ئێستا 120 باڵۆنییان كەوتوونەتە خوارەوە كە پڕ لە زبڵ و خاشاكە و هیچ ماددەیەكی مەترسیداری تێدا نییە.”
هاوكات سەرۆكی شارەوانی سیئۆل نیگەرانی خۆی نیشاندا بەرامبەر ئەم كارە و دەڵێ ” كۆریای باكوور جارێكی تر بە هەڵدانی باڵۆنە زبڵەكان بۆ ناوچە مەدەنییەكانمان، بێزاركردنێكی نوێ ئەنجام دەدات.”
پێشتر كۆریای باكوور پاشماوەی ئاژەڵ و مرۆڤی لە ڕێگەی باڵۆنەوە ڕەوانەی ئاسمانی كۆریای باشوور كردووە و لەم ساڵیشدا زیاتر لە هەزار باڵۆنی تری پڕ لە زبڵ و خاشاكی ناردووەتە ناوچە سنوورییەكانی ئەو وڵاتە.
هۆكاری ئەم كارەی كۆریای باكوور دژ بە كۆریای باشوور، لەوە سەرچاوەی گرتووە كە سوپای كۆریای باشوور چەند جارێك لەڕێگەی بەكارهێنانی باڵۆنەوە زانیاریی هەواڵگرییان بۆ ڕێكخستنە نهێنییەكانی خۆیان لە ناو خاكی كۆریای باكوور ناردووە، كاردانەوەی كۆریای باكووریش، ناردنی 200 باڵۆنی پڕ لە پاشماوەی ئاژەڵ بوو بۆ سەر ئاسمانی كۆریای باشوور و ئەم كارەشی بە جەنگی زبڵ ناو برد و تا ئێستاش هێرشی باڵۆنەكانی بەردەوامە.