شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕ، باس لە بڵاوبوونەوەی پەتای سكچوون و رشانەوە دەكات لەنێو منداڵاندا، هەروەها هۆكار و چارەسەرییەكانیشی دەخاتەڕوو.
د. محەمەد حەسەن، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان، بە زاری كرمانجی راگەیاند” سكچوون لە منداڵاندا و تایبەت لە وەرزی هاوێندا زۆر بەربڵاوە، رێژەیەكی زۆریان تووش دەبن و مەترسییەكەشی زیاتر دەبێت، هۆكارەكەشی بەزۆری دەگەڕێتەوە بۆ ڤایرۆس و بەكتریاكان، یاخود جۆرەها میكڕۆبی دیكە كە تووشی كۆئەندامی هەرس دەبن و هەوكردن دروست دەبێ و دواتر دەبێتە سكچوون، ئەم حاڵەتەش زیاتر لە وەرزی گەرما بەهۆی خواردنی خۆراكی ناتەندروست، پیسبوونی ئاو، زۆر گەرمبوون و وشكبوونەوەی جەستە و هەروەها چالاكبوونی ڤایرۆس و میكڕۆبەكان روودەدات.
گووتیشی” پێویستە زۆر وریا بین لە وشكبوونەوەی جەستە و كەمی خواردنەوەی ئاو و شلەمەنییەكان، تایبەت لە وەرزی گەرمادا، چونكە قوتابخانەكان پشووە و منداڵان زیاتر ئارەزووی چوونە دەرەوە و یاری كردن دەكەن، لەم حاڵەتەدا زیاتر ئارەق دەردەنە دەرەوە، دواتر كە تووشی سكچوون دەبن رێژەی لەدەستدانی ئاو و خوێیان زیاتر بەرز دەبێتەوە و ئەگەری وشكبوونەوەش زیاتر و لەناكاوترە، ئەمەش مەترسی هەیە، چونكە سكچوون كاریگەریی لەسەر گورچیلەكان و ئەندامەكانی دیكە دروست دەكات، بۆیە پێویستە زۆر بە وریای مامەڵە لەگەڵ ئەم حاڵەتە بكرێت و منداڵەكە بەزووترین كات بگەیەندرێتە نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەر.
د. محەمەد حەسەن، ئاشكراشیكرد” بۆ پاراستنی منداڵ، لە سكچوون پێویستە پاك و خاوێنی رابگرێت لە دەست شووشتن و جل و بەرگی خاوێن، ئەمەش خاڵێكی زۆر گرنگە، هەروەها سەوزە و میوەكان جوان بشۆرێن دواتر بیخۆن، خۆراكە هەڵگیراوەكان كەمتر بەكار بهێنرێن و زیاتر گرنگی بە خواردنی سروشتی بدرێن، دڵنیابوونەوە لە سەرچاوەكانی ئاوی خواردنەوە و زۆر نەچێتە بەرهەتاو.
ئاماژەی بەوەشدا” كاتێك منداڵ تووشی سكچوون و رشانەوە دەبێت، پێویستە رێژەیەكی زۆری شلەمەنی پێبدرێت، لە شوێنی فێنك پشوو بدات، خواردن و خواردنەوەی باش بێ، ئەو خوێ و كانزانەی كە لە دەستداوە جێگرەوەی بۆ دابندرێت، هەر كاتێك منداڵەكە شەكەت و بێ توانا بوو یاخود گۆڕانكارییەكی وای بەسەرهات كە نەتوانرێت كۆنتڕۆڵ بكرێت راستەوخۆ بگەیەندرێتە لای پزیشكی پسپۆڕ، بۆ چارەسەركردنی.