شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕی نەشتەرگەری ئێسك و شكان، گۆڕینی جومگە و پێكانە وەرزشییەكان، لەم بابەتە تەندروستییەدا باسی گۆڕینی جومگە دەكات و سەرنج دەخاتە سەر وەڵامدانەوەی چەند پرسیارێكیش.
د. بڕوا دلشاد، پزیشكی پسپۆڕی نەشتەرگەری ئێسك و شكان، بە زاری كرمانجی راگەیاند” زۆرجار نەخۆش سەوەفانی پێشكەوتووی هەیە و چەندین چارەسەرییەكانی وەك حەب و دەرزی بەكارهێناوە بەڵام بێ سوود بووە، دواتر پێویستی بە گۆڕینی جومگە هەبووە و لە هەمان كاتیشدا ترسیان لەوە هەبووە دوای نەشتەرگەری نەتوانن هاتووچۆ بكەن و لە پێ بكەون، ئەمەش پرسیارێكی زۆر باوە لەنێو تووشبووان، راستە هەموو نەشتەرگەرییەكان ئەگەری گرفتیان هەیە، بەڵام لە بواری پزیشكیدا گۆڕینی جومگە بە یەكێك لە سەركەوتووترین نەشتەرگەری دادەندرێت.
ئەم پزیشكە پسپۆڕە، گووتیشی” ئەو نەخۆشانەی نەشتەرگەری گۆڕینی جومگە ئەنجام دەدەن، دوای نەشتەرگەرییەكە دەتوانن بگەڕێنەوە ژیانی ئاسایی خۆیان و ئازاریان نامێنێت، بەڵام چەند خاڵێكی گرنگ هەیە دەبێ لەسەری بەردەوام بن، لەوانەش پێویستە نەشتەرگەرییەكە بە رێگەیەكی دروست ئەنجام بدرێت لەلایەن پزیشكەكە، ئەنجامدانی چارەسەری سروشتی كە ئەمەش لەلایەن خودی نەخۆشەوە گرنگە، پێویستە پابەندی ئەو رێنماییانە بێت كە بۆی دادەندرێت، بۆ نموونە ناكرێت لەسەر چوكی دابنیشێت، ئەو كاتانەی كە بۆی دیاری كراوە سەردانی پزیشك بكات بۆ هەر حاڵەتێك و لەكاتی سەردانی پزیشكی ددانیش پێویستە حەبی ئانتیبایۆتیك وەربگرێت.