زاری كرمانجی-چۆمان
بەپێی ئەمارێكی بەرگری شارستانی سۆران، ئەمساڵ پێنج ڕووداوی خنكان لە سنوورەكەیان تۆمار كراوەو گەڕانیش بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی كەچێكی تەمەن 14 ساڵ.
مقەدەم كاروان میر ئاودەلی، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانیی سۆران، بە زاری كرمانجی گووت ” ئەمڕۆ سێیەم ڕۆژی گەڕان و پشكنینی تیمەكانمان بۆ دۆزینەوەی چارەنوسی (مریم ئیسماعیل) تەمەن 14 ساڵ بەردەوامە، كەناوبراو لەگەڵ خانەوادەكەی بەمەبەستی گەشت رویان لە ناوچە گەشتیارییەكانی ئێنێ كردبوو لە سنووری قەزای چۆمان، تا ئێستا چارەنووسی ئەم كچە لەنێوان ونبون و خنكان یەكلای نەبۆتەوە و تیمەكانمان هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ دۆزینەوەی”.
ئەوەشی خستەڕوو: ” كە تەنها لەمساڵدا پێنج ڕووداوی خنكان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیمان تۆمار كراوە، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان و گەشتیاران دەكەین لەكاتی گەشت و سەیران لە قەراغ روبارەكان ئاگاداری منالەكانیان بن و دوربكەونە لە مەلەوانی كردن بۆ سەلامەتی خۆیان و خانەوادەكەیانیان.