لە بوردومانەكەدا 150 هاووڵاتی شەهید و 373 كەسیش بریندار بوون
زاری كرمانجی-مێرگەسۆر:
ڕژێمی بەعس لە سەرەتای هاتنەسەر حوكمی بە هەموو شێوەیەك دژی كورد بووە و هەمیشە هەوڵی لەناوبردنی داوە، 39 ساڵ بەر لە ئێستا لە هێرشێكدا بۆ سەر ئۆردوگای زێوە لە رۆژهەڵاتی كوردستان، 150 هاووڵاتی شەهید و 373 كەسیش بریندار بوون.
سەرجەم قوربانیانی بۆردومانەكە هاووڵاتی هەرێمی كوردستان بوون و بەهۆی رازینەبوون بە دەستەڵاتی ئەوسای حكوومەتی عێراق ئاوارەی رۆژهەڵاتی كوردستان ببوون، بەڵام بەعس لەوێش بۆردومانی كردن.
دوای بۆردومانەكە كاكە ئیدریسی هەمیشە زیندوو و سەرۆك بارزانی لە شوێنی رووداوەكە ئامادەبون و هاوكاری كەس و كاری شەهیدانیان كرد و یەكە یەكەی بریندارەكانیان لە نەخۆشخانە بەسەركردەوە، كە ڕژێمی بەعس لەو هێرشە ئاسمانییەدا بۆمبی قەدەغەكراوی ناپاڵمی بەكارهێنا، كەسوكاری شەهیدان داوا دەكەن مینۆمێنتێك بۆ كارەساتی زێوە دروست بكەن و ئەو كارەساتە بە جینۆساید بناسێنرێت.
دانیشتووانی ئۆردوگای زێوە بیرەوەری خۆشیان لەو كەمپە نییە، بەشێكیان دەرفەتی گەڕانەوەیان بۆ نەڕەخساوە، كەسوكاری شەهید و بریندارەكان داواكارن لە حكوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان گرنگی بە بریندارەكان و كەسوكاری شەهیدان بدرێت، كە هێشتا هەندێك كەس لەبەر برینی خۆیان دەناڵێنن و پێویستییان بە یارمەتی هەیە، بۆیە ئەوانەی پێویستییان بە چارەسەرە رەوانەی دەرەوە بكرێن، ئەوانی دیكەش لەناو هەرێم چارەسەر بكرێن.