لە سنووری ئیدارەی سۆران فرت و فێل لەناو گرێبەستەكان دەكرێت
“مووچەی راستەقینەیان لەگەڵ گرێبەستەكە جیاوازە “
” لە كەرتی پەروەردەش ئەم بابەتە هەیە”
تایبەت بە زاری كرمانجی:
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست زاری كرمانجی كەوتوون، بەشێكی زۆری ئەو گرێبەستانەی لە نێوان كۆمپانیاو خاوەن كار و كرێكاران دەكرێت، لەگەڵ ئەو پارەی دەیاندرێتێ جیاوازە و كەمترە.
لە بەدواداچوونەكانی زاری كرمانجی دەركەوتووە، ئەو كرێكارانەی كە لە كۆمپانیاكان كار دەكەن و گرێبەستیان هەیە، پارەی كەمتریان دەدرێتێ، لەو بڕە پارەیەی لە گرێبەستەكە نووسراوە، كرێكارانیش بۆ ئەوەی كارەكانیان لەدەست نەدەن و دەرنەكرێن، ناچارن خۆیان لەو بابەتە بێ دەنگ بكەن، ئەم فێلكردنە غەدرێكە لە لایەنی دووەم دەكرێت، كە لە كۆمپانیاكە كار دەكات.
هەندێك لە كۆمپانیاكان رێژەی راستەقینەی كرێكاران نادەنە دەستەبەری كۆمەڵایەتی، بۆ نموونە ئەگەر 20 كرێكاریان هەبێت ناوی 10 كرێكار بۆ دابینكردنی دەستەبەری كۆمەڵایەتی بەرز دەكەنەوە، دیسان كرێكاران بۆ پاراستنی كارەكانیان ناچارن خۆیان بێ دەنگ بكەن، بەڵام لەسەر ئەو بابەتە هەموو كۆمپانیاكان وەك یەك نین و جیاوازیان هەیە.
زاری كرمانجی بەدواداچوونی زیاتری لەسەر ئەو بابەتە كردووە، ئەمە تەنها كرێكارانی نەگرتۆتەوە، بەڵكو لە ژمارەیەك شوێنی دیكەی ناحكومی وەك قوتابخانە و پەیمانگە، بەهەمان شێوە مامەڵە لەگەڵ ئەو مامۆستا یا كارمەندانە دەكەن، كە بە گرێبەست دامەزراون، بڕی مووچەی دیاریكراو لە گرێبەستەكانیان، لەگەڵ ئەو مووچەیەی پێاندەدرێت جیاوازی زۆری هەیە.
هەژار یونس، بەڕێوەبەری دەستەبەری كۆمەڵایەتی كرێكارانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەمبارەیەوە بۆ زاری كرمانجی گووتی: ” لە ڕاستیدا ئەو حاڵەتەی ئێوە باسی دەكەن بوونی هەیە، بەڵام ناتواندرێت رێژەیەكی دڵنیاكەرەوە بخەینەڕوو.
زیاتر روونیكردەوە ” ئێمە تەنها لەو حاڵەتانە دەتوانین بەدواداچوون بكەین، كە كرێكار یان مامۆستایەك بێتە لامان و سكاڵا تۆمار بكات، بەبێ ئەوەی ناوی بهێنین بەدواداچوونی جیددی لەسەر دەكەین و بەپێی رێنماییەكان لێپێچینەوەی یاسایی ئەنجام دەدەین.
هەژار یونس، ئەوەشی ئاشكرا كرد، “هەندێك لە كۆمپانیا یا شوێنەكانی كاركردن ژمارەی راستەقینەی كرێكارەكانیان نادەن، بۆ نموونە؛ ئەگەر 50 كرێكاری هەبێت ناوی 20 كرێكار دەنێرێت، كاتێك لیژنەكانی ئێمە سەردانیان دەكەن، كرێكارەكان دەشارنەوە.
لەبارەی ئەو هەڕەشانەی لە كرێكاران یا مامۆستایان دەكرێن، كە گرێبەستن لە شوێنە ناحكومییەكان، بەڕێوەبەری دەستەبەری كۆمەڵایەتی گووتی: “هەر كاتێ كرێكار، مامۆستا یا كارمەندێك، هەستی كرد غەدری لێدەكرێت و هەڕەشەیان لەسەر بێت، تەنها پێویستە ئێمە ئاگادار بكاتەوە، بۆ ئەوەی ئەركی خۆمان جێبەجێ بكەین.