زارى کرمانجى-ڕواندز:
لە ناوەندی وەرزش و لاوانی ڕواندز، سمینارێک لەسەر مەترسییەکانى مادەى هۆشبەر بۆ 20 مێرمنداڵ ئەنجام درا.
شەهید سەباح، ڕاهێنەرى پڕۆژەکە بە زارى کرمانجى ڕاگەیاند: ”بەهاوبەشی بەڕێوەبەراتی گشتیی لاوان و ڕێکخراوی یونسێف لەژێر ناونیشانی (برەودان بە گەشەپێدانی ڕۆشنبیریی و چالاکی وەرزشی بۆ بەهێزکردنی ئاشتی و کۆمەڵایەتی) پڕۆژەکە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەڕێوە دەچێت و تا چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت”.
گووتیشى: ” من وەک ڕاهێنەر لەلایەن ناوەندى وەرزش و لاوانى ڕواندز ئەو ئەرکەم پێ سپێردراوە، ئەو بابەتەى لە سمینارەکە پێشکەشم کرد، زۆر پێویست بوو، چونکە مادەى هۆشبەر ئەمڕۆ بۆتە مەترسییەکى جیدى لەسەر کۆمەڵگە بە تایبەت منداڵان و گەنجان”.
ئاماژەى بەوەشکرد، وەزارەتی تەندروستی عێراق پێشتر ئەوەى ئاشکرا کردووە، کە مادەی هۆشبەر دەخرێتە نێو هەندێک لە جۆرەکانی ڤەیپ، کەچی گەنج و لاوەکانمان ئاڵودەی بەکارهێنانی ڤەیب بوونە.

































































