مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
كوڕە گەنجێكی ڕواندز، لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ كچێكی فلیپینی دەبەستێت و دوای دوو ساڵ لە بەردەوام بوونی ئەو پەیوەندییە، كۆتایی مانگی ڕابردوو هاوسەرگیرییان كرد.
ئومێد ستار حسێن ی تەمەن 27 ساڵ و نۆمى سینۆگبوهان ی تەمەن 23 ساڵ، ڕۆژی 29ـى ئایاری مانگی ڕابردوو لە مەراسیمێكی فراوانی جەماوەری و بە بەشداری دەیان كەس لە خاوەن پێداویستی تایبەت، ئاهەنگی هاوسەرگیرییان لە شاری سیبۆ ی فلیپین ئەنجامدا.
ئومێد و نۆمی هەردووكیان خاوەن پێداویستی تایبەتن و نابیستن، لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە دوو ساڵ بەر لە ئێستا یەكتر دەناسن و دواتر پەیوەندییەكان له هاوڕێیهتی يهوه دەبێتە خۆشەویستی و بڕیاری هاوسەرگیری دەدەن.
ستار حسێن باوكی ئومێد لەبارەی هاوسەرگیری كوڕەكەی لەگەڵ كچێكی فلیپینی بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند “لە ڕێگەی ئینتەرنێت یەكتریان ناسی و ماوەی دوو ساڵە یەكتریان خۆشدەوێت، ئومێد زۆر پێداگیری لەسەر هاوسەرگیری كرد لەگەڵ ئەو كچە، منیش لەبەر ئەوەی كوڕەكەم خاوەن پێداویستی تایبەتە و كچەكەش بە هەمان شێوە، نەمتوانی دڵیان بشكێنم، بۆیە سێ مانگ بەر لە ئێستا لەگەڵی چووم بۆ فلیپین و ئامادەكاریمان كرد بۆ مەراسیمی هاوسەرگیرییەكەیان.”
ئومێد سێ مانگە لە فلیپین لەگەڵ خۆشەویستەكەی ژیان دەكات، باوكی دەڵێ “29ی ئایار بە بەشداری چەندین كەس لە خاوەن پێداویستی تایبەت و خانەوادەی كچە، مەراسیمی هاوسەرگیرییەكە بەڕێوەچوو.”
ئومێد لە ژوورە تایبەتەكەی خۆیان ئاڵای كوردستان و فلیپینی بە تەنیشت یەكەوە هەڵواسیوە و بە باوكی گوتووە بیری ڕواندز و كوردستانی كردووە و داوای كردووە هەوڵ بدەن كار بۆ گەڕانەوەی خۆی و هاوسەرەكەی بكەن، ستار دەڵێ “كێشەیەك هەیە لە گەڕانەوەی ئەوان بۆ كوردستان، چونكە كچەكە پاسپۆرتی نییە و ماوەیەكی تری دەوێت تا پاسپۆرتی بۆ چاك بكرێت،”
لە ئێستادا خانەوادەی ئومێد ئامادەكاری دەكەن بۆ گەڕانەوەی كوڕەكەیان و بووكە تازەكەیان، ئەگەر بە زوویی كێشەكانی بەردەم سەفەرەكەیان چارەسەر بكرێن.