“نهۆمی دووەمی بنكەكەمان بەتاڵە و دەتوانین سوودی لێوەرگرین بۆ كردنەوەی بەشەكانی دیكەی تەندروستی”
شەهلا رەشید- زاری كرمانجی:
ماوەیەك لەمەوبەر رێكخراوێكی ئەمریكی نۆژەنكردنەوەی بنكەی تەندروستی هەرێمی لە ئەستوو گرت، ئەو كەم و كوڕیانەی لە بنكەكەدا هەبوون چارەسەر كران، دواتر بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر، كۆنسۆڵی وڵاتی ئەڵمانیا، قائیمقامی قەزای سۆران و بەڕێوەبەری تەندروستی سۆران، بنكەكە خرایە خزمەت هاووڵاتییان.
رازیە ساڵح، یاریدەدەری پزیشكی و بەرپرسی بنكەی تەندروستی هەرێم، ، لەدیدارێكی زاری كرمانجی رایگەیاند ” بنكە تەندروستی هەرێم یەكێكە لە گەورەترین بنكە تەندروستیەكانی سنووری پارێزگای هەولێر، رووبەرێكی زۆری تێدایە بۆ كردنەوەی بەشە جیاجیاكان، دەتوانین ببینە یارمەتیدەرێكی باش بۆ كەمكردنەوەی قەرەباڵغی لەسەر نەخۆشخانەكانی ئاشتی و لە دایك بوونی منداڵان، هەروەها بۆ ئەو هاووڵاتییانەی لە نەخۆشخانە و بنكەكانی دیكەش دوورن، بنكەكەمان لە هەموو روویەكەوە زۆرباشە و خەڵكێكی زۆر سەردانمان دەكەن بە مەبەستی چارەسەر وەرگرتن، تایبەت لەڕووی داودەرمانەوە كوالیتیان زۆر باشە و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سۆرانیش، زۆر هاوكارە لەگەڵمان و ئەوەی لە دەسەڵاتیدا بێت درێغی ناكات، ستافی بنكەكەمان زۆر چالاك و باشن هەر خولێكیش بكرێتەوە خۆم و ستافەكەم بەشداری دەكەین، بۆ ئەوەی زیاتر هۆشیار بین و شارەزاتر بین لە كارەكەمان، بە گشتی بنكەی تەندروستی هەرێم لە هەموو روویەكەوە زۆرباشە و بەرفراوانە بۆ زیاتر كاركردن و كردنەوەی ئەو بەشانەی كە نییە لێرە.
سەبارەت بە نۆژەنكردنەوەی بنكەكە، ئاماژەی بەوەدا “بە هاوكاری رێكخراوێكی ئەڵمانی كە سەردانی كردین و 82 ملیۆن دیناری بۆ كەموكوڕیەكانی بنكەی هەرێم خەرجی كرد، ئەو بانەی سەرەوەی كە ئاوی لێدەهاتە خوارەوە و ئامێرەكانی ساردی و گەرمی و زۆر كەموكورتی دیكەی بۆ ئێمە دروستی كرد، بەڵام ئەوانە كۆتا كەموكورتی نەبوون هێشتا هەر ماون وەك بەشی ددان لە ئێستادا تەنها ددان كێشان هەیە، بەڵام بەهۆی كردنەوەی سەنتەرێكی نوێ لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سۆران ستافەكەمان رەوانەی سەنتەرەكە كرد، چونكە كارمەندیان نەبوو و دامەزراندنیش نییە، هەرچەندە سەنتەرەكە هەموو پێداویستی تایبەتی تێدایە، بەڵام دەمانەوێت لە بنكەی هەرێمیش هەبێت چونكە شوێنێكی قەرەباڵغە، جگە لە هاووڵاتییانی دەورووبەری بنكەكە لە دەرەوەی شاریش سەردانمان دەكەن، بۆیە پێم باشبوو لە بەشی ددان پڕكردنەوە و دەماربڕینیش ئەنجامدرابا، مەوادیشمان هەیە كە لەلایەن بەڕێوەبەری تەندروستی سۆران دابین كرایە، بەڵام تەنها كورسیمان نییە و ئەمەش پارەیەكی زۆری تێدەچێت، داوامان كردووە بۆمان دابین بكەن و چاوەڕێ دەكەین تا ئەوان وەڵامێك بدەنەوە.
لەبارەی بەشەكانی دیكەوە، زیاتر گووتی” نهۆمی دووەمی بنكەی تەندروستی هەرێم بەتاڵە و دەیانەوێت پشكنینی چاو لەوێ بكەنەوە، بەڵام پێم باشە بەشی پێست لەوێ بكرێتەوە لەبەر ئەوەی ئاسانكاری دەبێت بۆ ئەو هاووڵاتییانەی لێرە نزیكن و قەرەباڵغیش لەسەر نەخۆشخانەی ئاشتی كەم دەبێتەوە، هەروەها لە بەشی تاقیگەدا ئامێری CBC نییە پێم باشە بۆمان دابین بكرێت، بەشی تێشك و ئامێرمان هەیە بەڵام كارمەندمان نییە لەوێ كار بكات، هەرچەندە ئامێری تیشكیش تێكچووە، بەڵام نەبوونی كارمەند زیاتر كێشەی دروست كردووە، جگە لەمانەش بەشی سۆنەر و ئامێر و پزیشكمان نییە هیوادرام ئەمەش دابین بكرێت، بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بین بۆ هاووڵاتییان و كەمبوونەوەی قەرەباڵغی لەسەر نەخۆشخانەی لەدایك بوون و منداڵان.