شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕی هەناوی و راهێنەری توانا عەقلییەكان، دەڵێت” تكایە بەبێ راوێژی پزیشك دەرمان مەخۆن و ئەو دیاردە ناتەندروست و نازانستییە رابگرن.
د. خاڵس قادر، پزیشكی پسپۆڕی هەناوی و راهێنەری توانا عەقلییەكان، بە زاری كرمانجی راگەیاند” خواردنی حەبی ئازیپرۆمادین، وەك چوكلێت لێهاتووە بۆ خەڵك، بەداخەوە زۆرینەی نەخۆش كاتێك هەست بە هەر نەساغیەك و ئازارێك لە شێوەی كۆكە، ئازاری، تا و بێ تاقەتی بكەن راستەوخۆ حەبە سێ دەنكەكەی ئازیپرۆمادین، لەلایەن دەرمانخانە و كلینیكەكانی كارمەندان پێیان دەدرێت.
گووتیشی” خەریكە ئەم جۆرە حەبەش وەك كەپسولی ئەمۆكسیل، لێدێت و كاریگەری لەدەست دەدات بۆ ئەو حاڵەتانە، رۆژانە بەشێكی زۆر لەو نەخۆشانەی بۆ ئەو نیشانانە سەردانمان دەكەن، پێشووتر ئەم حەبی ئازیپرۆمادین واتە حەبە سێ دەنكییەكەی خواردووە و چاكنەبۆتەوە، بۆیەش تكایە بەبێ راوێژی پزیشك ئەم حەبە بەكارمەهێنن.