شەهلا رەشید- مێرگەسۆر:
بەرپرسی فەرمانگەی چاككردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی مێرگەسۆر، راگەیاند، لە ئێستادا چەند پڕۆژەیەك لە بواری رێگاوبان لە سنووری مێرگەسۆر لە بواری جێبەجێ كردندان، لە داهاتووشدا چەند پڕۆژەیەكی دیكە جێبەجێ دەكرێن.
ئەندازیار رزگار دۆلەمەری، بەرپرسی فەرمانگەی چاككردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی مێرگەسۆر، بە زاری كرمانجی راگەیاند، ئەو پڕۆژانەی كە ئێستا لە بەردەستن، لەوانە پرد و ڕێگای گوندی دێرانە و موسەكایە، بە گۆژمەی 612 ملیۆن دینار لەلایەن ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پارەی بۆ تەرخانكراوە و ئێستا لە بواری جێبەجێ كردندایە.
بەرپرسی فەرمانگەی چاككردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی مێرگەسۆر، گوتیشی: رێگای سەرەكی گوندی خەلان، بە درێژایی 2100 مەتر و بە گۆژمەی 143 ملیۆن دینارە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە پارەی بۆ تەرخانكراوە و جێبەجێ دەكرێت، هەروەها ڕێگای گوندەكانی مەمولا، كەكلە و خێرزۆك، ئەویش نۆژەنكردنەوەی شەقامی ئەو گوندانەیە بە گۆژمەی نزیكەی 100 ملیۆن دینار، هەروەها لە سنووری قەزای مێرگەسۆر، پڕۆژەیەكی دیكەی گرنگ هەیە ئەویش ڕێگای گەلی ئەشكەوتەیە، دراوەتە تەندەر و لە ماوەیەكی نزیكدا دەكەوێتە بواری جێبەجێ كردنەوە.