زاری كرمانجی-سۆران:
ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دانوستانەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا لەبارەی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەست پێدەکەنەوە و چاوەڕێ دەکرێت دوای جەژن دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوت بۆ دەرەوە بکرێتەوە، چونکە ئەو گرفتانەی ھەبوون تاڕادەیەکی باش چارەسەر کراون.
دکتۆر سەباح سوبحی، گوتی، شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دانوستان لەگەڵ بەغدا لەبارەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەست پێدەکاتەوە و خۆیان ئامادە کردووە کێشە و گرفتەکان بەپێی دەستوور چارەسەر بکرێن و هەروەها تێچووی دەرھێنانی نەوتیش چارەسەر بکرێت، بە جۆرێک لەگەڵ کۆمپانیاکان بگونجێت و دوو ترلیۆن و ٧٠٠ ملیار دینار تەرخان کراوە بۆ دەرھێنانی نەوت، کە لە خشتەکانی بودجەدا پەسەند کراوە، ئەمەش کارێکی باشە و ئیرادەیەکی باش لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراق ھەیە ئەو گرفتە چارەسەر بکرێت.
سوبحی گوتیشی: “وەزیری نەوتی عێراق ھەندێک تێبینیی لەسەر گرێبەستەکان ھەیە، کە ئەوانیش چارەسەر دەکرێن و دواتر مەلەفی نەوت کۆتای پێدێت، چونکە دوێنێ سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ وەزیرەکان ئەنجام دا لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نەوت و ئالیەتێک دانرا لە رێگای ئەوەی دانوستان بکرێت لەگەڵ کۆمپانیا ناوخۆییەکان و دواتر لەسەر داوەتی وەزارەتی نەوتی عێراق بچنە بەغدا و کێشەکان چارەسەر بکرێن”.
ناوبراو گوتیشی: “پێشتر عێراق بۆ تێچووی دەرھێنانی ھەر بەرمیلێک نەوت شەش دۆلاری دانابوو و کۆمپانیاکانیش داوای ٢٢ دۆلاریان دەکرد، ئێستا لە بودجەی پەسەندکراودا کراوەتە ١٤ بۆ ١٥ دۆلار، کە رێژەیەکی باشە بۆ ئەوەی ئەو گرفتە چارەسەر بکرێت، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت لە دوای جەژن پرۆسەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دەست پێبکاتەوە”.