مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
سەرچاوەیەكی سیاسیی بە میدیایی عێراقی ڕاگەیاندووە گرووپە چەكدارەكان ماوەی 40 ڕۆژ مۆڵەتیان بە سوودانی داوە تا پرسی دوورخستنەوەی یەكجاری هێزەكانی ئەمەریكا لە خاكی عێراق چارەسەر بكات، گرووپە چەكدارەكان ڕایانگەیاندووە ئەگەر پرسەكە لەو ماوەیەدا یەكلایی نەكرێتەوە، هێرش و ئۆپەراسیۆنەكانیان دژ بە ئامانج و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و ناوچەكە بە شێوەیەكی فراوان دەست پێ دەكەنەوە.
گرووپە چەكدارەكانی عێراق لەسەرووی هەموویانەوە كەتیبەكانی حیزبوڵڵا لە 30-1-2024 لە پێناو “شەرمەزارنەكردنی حكومەتی عێراق” هێرشەكانیان بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە سووریا و عێراق ڕاگرتبوو، بە تایبەت دوای كوژرانی سێ سەربازی ئەمەریكی لە ئوردن و هێرشی ئاسمانی ئەمەریكا بۆ سەر گرووپە چەكدارەكان لە عێراق و سووریا لە تۆڵەی كوژرانی سەربازەكانی.