نوێنەری گشتی مامۆستایانی وانەبێژ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند” هەفتەی داهاتوو پێش جەژنی قوربان شایستە داراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ مانگی ٣ی ٢٠٢٤ دابەشدەکرێت”.
عەلی رەئووف مستەفا ئاماژەی بەوەشدا ” بەپێی ڕێنوێنیی ژمارە 12ی وەزارەتی دارایی، ئەو مامۆستا وانەبێژانەی هەڵگری بڕوانامەی دبلۆمن،لەنێوان 250-350هەزار دیناریان بۆ خەرج دەکرێت و بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆسیش 205-400هەزار دیناریان بۆ خەرج دەکرێت.
زیاتر روونیكردەوە ” ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان 37 هەزار مامۆستای وانەبێژە ، کرێی مانگانەیان نزیکەی 15ملیار دینارە” .
عەلی رەئووف سەبارەت بەدامەزراندن و هەمیشەیی بوونی مامۆستایانی وانەبێژان گووتی ” تەنها یەک رێگە هەیە بۆ دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ ، ئەویش ئەوەیە وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مامۆستایانی وانەبێژ ناو زانیارییەکانیان بنێرێت بۆ وەزارەتی دارایی عێراق ، وەزارەتی دارایی لەرێگەی خۆیەوە لە رێگەی تیمی دیوانی چاودێری عێراق وەردبینی دەکات بەو زانیارییانەی بۆی هاتووە ، دواتر داواکارییەکان دەنێردرێن بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران “.
نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ زیاتر گووتی ” ئێستا بەپێی مادەی 60 لە یاسای بودجەی ساڵی 2023دەسەڵات دراوە بە ئەنجوومەنی وەزیران خودی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پارە زیاد بکات بۆ دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ”.