مامۆستا دلاەوەر
لەم ساڵانەی دوایدا هاتنی وشەی بیانی بۆ ناو زمان بە شێوەیەكی بەرچاو هەستی پێدەكرێت، بە جۆرێك شارەزایانی بوارەكە نەیانتوانیووە خۆیان لەم بابەتە لابدەن و بۆچوونی خۆیان لەو بارەیەوە نەخەنەڕوو، هەندێكیان پێیان وایە وەرگرتنی وشە لە زمانەكانی تر زیان بە زمان دەگەیەنێت و زمان بەرەو هەڵدێر دەبات، كەچی هەندێكی تری بە پێچەوانەوە؛ پێیان وایە وەرگرتنی وشەی بێگانە زمان دەوڵەمەندەكات و بەرەوپێشەوەی دەبات، ئەم وتارە هەوڵێكە بۆ گەنگەشەكردن و تاووێكردنی ئەم پرسە و خستنەڕووی بۆچوونی خۆشمان لەمبارەیەوە.
بەشێك لە شارەزایانی ئەم بوارە پێیان وایە، كە هاتنی وشەی بێگانە بۆناو زمان كاریگەری نەرێنی لەسەر زمان جێدەهێڵێت و زمان بەرەو لەناچوون دەبات، چونكە پێیان وایە بە وەرگرتنی وشەی بێگانە فەرهەنگی زمان تێك دەچێت و وشە نوێیەكان شوێنی ئەو وشانە دەگرنەوە، كە لە سروشت و بنەڕەتی زمانەكەدا هەن، بۆیە بە هەموو شێوەیەك هەوڵدەدەن ڕێگری لە هاتنی وشەی بێگانە بكەن، ئەمە لە كاتێكدایە سروشتی زمان بە شێوەیەكە، كە بەردەوام لە گۆڕاندایە و ڕێگریكردن لەم دیاردەیە بەو شێوەیە ئاسان نییە، هەروەها گۆڕانەكان تەنها لە ئاستێكدا ڕوونادەن، بەڵكو لە هەموو ئاستەكان و لە هەموو لایەنەكان ڕوودەدەن، ئەم گۆڕانكارییانە بەردەوام دەبن تاوەكو زمان بە زیندوویی بمینێتەوە، بۆیە ڕێگریكردن لەم گۆڕانكارییانە كارێكی ئەستەمە، هەروەها لایەنگرانی ئەم بۆچوونە پێیان وایە: ئەگەر لە ڕێگریكردن بوەستین مەرگی زمان زووتر دەبینرێت، بۆیەش هەوڵدەدەن لە فەرهەنگە كۆنەكاندا، وشە ڕەسەنەكان زیندوو بكەنەوە و خەڵك هاندەدەن تاوەكو لە وشەی بێگانە دووربكەونەوە و سوود لە فەرهەنگ و وشە ڕەسەنەكان وەربگرن.
بە پێچەوانەی ئەم بۆچوونەی سەرەوە هەندێك لە شارەزایانی زمان پێیان وایە: وەرگرتنی وشەی بێگانە یاخود هاتنی وشەی بێگانە بۆ ناو زمان لەپاڵ هەندێك زیانی لاوەكی، سوودێكی یەكجار زۆر بە زمان دەگەیەنێ، چونكە دەبێتە هۆی دەوڵەمەندكردنی فەرهەنگی زمانی و بەرەوپێشبردنی زمان، هەروەها وەرگرتنی وشی بێگانە دەبێتە هۆی بە زیندووهێشتنەوەی زمان و پاراستنی زمانەكە لە لەناوچوون، چونكە هەر زمانێك نەتوانێت وشە وەربگرێت و فەرهەنگی خۆی دەوڵەمەند بكات، ئەوا ناتوانێت بەردەوام بێت و بەرەو نەمان دەچێت، بۆیە لایەنگرانی ئەم بۆچوونە دەڵێن: دەكرێت ئێمە سوود لە فەرهەنگی نەتەوەكانی تر وەربگرین و فەرهەنگی خۆمانی پێ دەوڵەمەند بكەین، هەر لەم بارەییەوە چەندین نموونەی جیاوازمان هەیە، كە زمانەكانی تر سوودیان لە فەرهەنگی زمانی بێگانە وەرگرتووە و فەرهەنگی خۆیان پێ دەوڵەمەند كردووە؛ هەر لەم بارەیەوە شارەزایانی زمان دەڵێن: زمانی ئینگلیزی سەرووی سەدا حەفتای وشەكانی لە زمانی بێگانە وەرگرتووە و فەرەهەنگی خۆی پێ دەوڵەمەند كردووە، ئەمەش یارمەتیدەرێكی زۆر باشبووە بۆ گەشەكردنی زمانەكە، بەڕادەیەك، كە لە زۆربەی وڵاتەكانی جیهان وەكو لینگوافرانكا خۆی دەنوێنێت، بۆیە پێشوازیكردن لە وشەی زمانەكانی تر كارێكی زۆر ئاساییە و سوود بە فەرهەنگی زمان دەگەیەنێت، هەروەها بە هیچ شێوەیەك پێویستی بەوە نییە، كە ڕێگری لێ بكرێت، هەڵبەتە مرۆڤیش ناتوانێت ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی وشە و زاراوەی نوێ بكات، چونكە زمانەكان بەردەوام لە گۆڕاندان، لە لایەكی تر سوود وەرگرتن لە فەرهەنگی نەتەوەكانی تر و ئەو وشانەی كە دێنە ناو زمان پێویستییەكی بەردەوامی زمانە و دەبێتە هۆی پێشكەوتنی زمان.
لەلایەكی تر شارەزایانی بواری زمانەوانی پێیان وایە: لەناوچوونی زمان و بەرەو هەڵدێربوونی زمان لە ئاستی ڕستەسازییەوە دەستپێدەكات، واتە هەر كاتێك، كە زمانەكانی تر كاریگەرییان لەسەر ڕستەسازی زمانێكی دیاریكراو دروست كرد، ئەوا ئەو زمانە تووشی لەناوچوون و داڕمان دەبێت، چونكە یاسا و ڕێسا ڕستەسازییەكان دەشێوێنن و وای لێدەكەن، كە نەناسرێنەوە، بەڵام وەرگرتنی وشەی بێگانە دەچێتە ناو چوارچێوەی فەرهەنگ و وشەسازییەوە، لەوێدا جگە لەوەی، كە زمانەكە دەوڵەمەندەكات؛ فەرهەنگی زمانیش بەرەوپێش دەبات، هەروەها زمانەكەش بە زیندووی دەهێڵێتەوە، چونكە هەر زمانێك نەتوانیت وشە وەربگرێت وشە ببەخشێت بە زمانێكی زیندوو هەژمارنادەكرێت، واتە هەر زمانێك، كە خەڵك قسەی پێ نەكرد و ئاوێتەی زمانەكانی تر نەبوو، لە كۆتاییدا بەرەو نەمان و لە ناوچوون دەچێت، بەڵام وەكو پێشتر ئاماژەمان پێ كرد: ئەم وەرگرتنە بۆ ئاستی فەرهەنگ و وشە ئاساییە، كەچی بۆ ئاستی ڕستەسازی ڕێگەپێدراو نییە، واتە دەكرێت سود لە وشە و زاراوەی بیانی وەربگرین، پاشان خۆماڵی بكەین و بیخەینە ناو قاڵبە ڕێزمانییەكانی زمانی كوردی، چونكە ئەزموونی دەیان زمانمان هەیە، كە سودیان لە وشەی بێگانە وەرگرتووە، بەڵام بە یاساوڕێساییەكانی خۆیان دایانڕشتۆتەوە و هیچ گرفتیكیشیان لە تێگەیشتن بۆ دروست نەبووە، بۆ نموونە ئەگەر سەیر زمانی فارسی بكەین، دەبینین، كە پڕیەتی لە وشەی عەرەبی، بەڵام لەبەرئەوەی ڕستەكان بە یاساوڕێسای فارسی داڕێژراون، هیچ كێشەیەك بۆ زمانەكە دروست نەبووە و زمانەكە لەناونەچووە.
لە كۆتاییدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی، كە وەرگرتنی وشەی بێگانە، یاخود هاتنی وشە بێگانە بۆ ناو زمان سوود بە زمان دەگەیەنێت و زمان بەرەوپێشەوە دەبات، هەروەها ئەم دیاردەیە ڕێگەیەكە بۆ دەوڵەمەندكردنی فەرهەنگی زمان، بەڵام پێویستە ئەوە لەبەر چاو بگرین، كە ئەم وەرگرتنە تەنها لە ئاستی وشە و زاراوەكان بێت، نەك یاساوڕێسا سینتاكسییەكان، چونكە كاریگەرییە نەرێنییەكان لە ئاستی سینتاكسدا دروست دەبن؛ ئەو گۆڕانكارییانەی، كە لە ئاستی وشەسازی و فەرهەنگدا ڕوودەدەن كاریگەری ئەرێنین و سوود بە زمانەكە دەگەیەنن.