زاری كرمانجی- سۆران:
عەقید زرار حوسێن، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی ئیدارەی سۆران، بە زاری كرمانجی گوت:” لە ئێستادا گشت كاروبارەكانی هاتووچۆ لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیەكەمان ئەنجام دەدرێن، تەنها بەشی مۆڵەتی نێودەوڵەتی نەبێت، بۆ ئەوەش لەسەر هێلین و لە هەوڵداین ئەو بەشە لە دوو هەفتەی داهاتوودا بگوازینەوە بۆ سۆران، وەك بەشی دەرهێنانی مۆڵەتی نێودەوڵەتی، تەنها ئەو هاووڵاتییانەی كە ئۆتۆمبێلی ژمارە كاتی دەكڕن، یەكەمجار پێویستە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر بكەن و لەوێ ئۆتۆمبێلەكەی تۆمار بكرێت و فایلی بۆ بكرێتەوە، ئەگەرنا تەواوی كارەكانی دیكە وەك نوێكردنەوەی مۆڵەت و دەرهێنانی، گۆڕینی تابلۆ و ساڵیانەی ئۆتۆمبێل لە بەڕێوەبەرایەتیەكەمان ئەنجام دەدرێن.
بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی ئیدارەی سۆران، گوتیشی:”هەر شوێنێك لەسنووری ئیدارەی سۆران پێویستی بە هێلكاری و تابلۆ هەبێت لەڕێگەی بەشی ئەندازەی خۆمان دەرخستەی بۆ ئامادە دەكەین و ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ دەكەین، ئەوانیش هەنگاوبەهەنگاو جێبەجێ دەكەن، لە ئێستادا لە سنووی قەزای مێرگەسۆر و بەشێكی قەزای چۆمان دەستكراوە بە دانانی تابلۆ و هێلكاری پێویست، لە سنووری سیدەكانیش بەپێی پێویست هێما و رێنمای هاتووچۆمان داناون، لەوانە هەندێك هێلكاری سەرشەقام و رێگای سەری بەرد ماوە، بۆ ئەم مەبەستە ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆ كراوە، چاوەڕوانی دەرخستەین.
سەبارەت بە گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێل، ئەو بەرپرسەی هاتووچۆی سۆران، دیاركرد:” لە ئێستادا هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانەی ژمارەی هەولێرن تابلۆیان لە بەڕێوەبەرایەتیەكەمان بۆ دەگۆڕدرێن، هەروەها دەست دەكرێت بە گۆڕینی تابلۆی بارهەڵگرەكان، رۆژانە 100 هاووڵاتی بەمەبەستی گۆڕینی تابلۆ و نوێكردنەوەی ساڵیانە سەردانمان دەكەن، بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی ئەلیكترۆنی، ئامادەكاری كراوە لە خولێكی تایبەت كارمەندان بەشدار بوون، لەو چەند رۆژەدا ئامێرەكان دەگەنە بەڕێوەبەرایەتیەكەمان و لە دوو هەفتەی داهاتوو دەست دەكرێت بە دەرهێنانی مۆڵەتی ئەلیكترۆنی نێودەوڵەتی، هاوكات لە نۆ مانگی رابردووش رووداوەكان روویان لە كەمبوونەوە كردووە، هۆكارەكانیش بەهۆی پابەندبوونی زیاتری شۆفێرەكانە”.