مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وەزارەتی تەندروستی لە ڕاگەیاندراوێكدا دۆزینەوەی گرووپێكی دەگمەنی خوێنی ئاشكرا كرد و ڕاگەیاند ئەم هاووڵاتییە عێراقییە، دەبێتە یەكەم كەس لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی كە هەڵگری ئەم جۆرە خوێنە دەگمەنەیە.
لە ڕاگەیاندراوەكەی وەزارەتی تەندروستی عێراق هاتووە “هاووڵاتییەكی عێراقی هەڵگری جۆرێكی دەگمەنی خوێنە لە جیهاندا، كە بە Bombay phenotype ناسراوە،”
وەزارەتی تەندروستیی عێراق دۆزینەوەی ئەو جۆرە خوێنە بە دەستكەوتێك ناو دەبات و دەشڵێت “ئەنجامی پشكنینەكان لەلایەن لیژنەیەكی نێودەوڵەتی پشتڕاستكراونەتەوە.”
ماڵپەڕی ناوەندی كتێبخانەی گشتیی نیشتمانی زانستی پزیشكی ئەمەریكا، توێژینەوەیەكی لەبارەی ئەم جۆرە خوێنەوە بڵاو كردووەتەوە و یەكەم حاڵەتی دەركەوتنی ئەو جۆرە خوێنەش لە بۆمبای هیندستان دۆزراوەتەوە هەر وەكوو لە توێژینەوەكەدا ئاماژەی بۆ كراوە و، لە كۆی دە هەزار هاووڵاتی ئەو وڵاتە یەكێكیان هەڵگری ئەم جۆرە خوێنەیە و لەسەر ئاستی ئەورووپاش لە كۆی یەك ملیۆن كەس تەنیا یەك كەس ئەو جۆرە خوێنەی هەیە.
ئەو جۆرە خوێنە تەنیا دەتوانێت خوێن لە هاوگرووپی خوێنی خۆی وەربگرێت و هیچ جۆرێكی دیكە قبووڵ ناكات.