زاری كرمانجی-قەسرێ
ڕۆژی 5ـی حوزەیرانی 2024 بە ئەمادەبوونی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بەرپرسی لقی 26ـی گوڵانی پارتی دیموكراتی كوردستان، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و قائیمقامی قەزای چۆمان و بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرێ، بەرپرسانی دیكەی حكومی و حزبی، لە مەڕاسیمێكدا بەردی بناغەی پڕۆژەی ڕاكێشانی تۆڕی ئاوی خواردنەوە بۆ ناحیەی قەسرێ دانرا.
لە مەڕاسیمەكەدا هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران وتارێكی پێشكەش كرد و ئاماژەی بە گرنگی پرۆژەكە كرد و گوتی: ” ئامانجی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە بواری ئاو و ئاوڕۆ دا سوود وەرگرتنە لە ئاوی سەر زەوی وەكوو سامانێكی نەتەوەیی. هەروەك ئەو پڕۆژەیە لە بەرنامەدا بوو ئێستا لە سەر دەستی كابینەی نۆیەم ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەچێتە بواری جێبەجێ كردن، ئەو پڕۆژەیەی كە ئەمڕۆ بەردی بناغەی دادەنرێت، پڕۆژەیەكی ستراتیجییە بۆ ناحیەی قەسرێ، خەڵكی ئەم ناوچەیە شایەنی خزمەتی زۆر زیاترن و پڕۆژەكان بەردەوام دەبن”.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە بەشێكی دیكەی وتارەكەی دا ئاماژەی بە گۆڕانی كەشو هەوا كرد و گوتی: ئێمە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە بابەتی پڕۆژەكانی ئاو هەوڵی جدیمان داوە، ئەوەی كە سەرف دەكرێت بۆ ئەو پڕۆژانە پڕۆژەی ستراتیجی بن كە بۆ داهاتوویەكی زۆر بتوانین سوودی لێ وەربگرین، ئەوەش بە سوود وەرگرتن لە ئاوی سەر زەوی، ئێمە هەموومان دەزانین بابەتی گۆڕانی كەش و هەوا كاری وای كردووە ئێمە ناتوانین زۆر پشت بە ئاوی ژێر زەوی ببەستین بۆیە هەوڵمان داوە ئەو پڕۆژانەی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە بورای ئاو جێبەجێ دەكرێن، پڕۆژەی ستراتیجی بن بۆ ئەوەی داهاتووی ئاوی ئەو ناوچەیە مسۆگەر بكەین.
پڕۆژەی تۆڕی ئاوی خواردنەوە لە ناحیەی قەسرێ لەسەر ڕاسپاردەی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەژێر چاودێری هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە گوژمەی 1,687,556,000 ملیار دینار لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سۆران لەلایەن كۆمپانیای ( گەرەوان و سۆلاڤی باشوور ) جێ بەجێ دەكرێت.
































































