زاری كرمانجی – جێگری یەکەمی سەرۆکی لیژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، ھەر قوتابیەک بەھۆی ئاڵۆزییەکانی ئێران بگەڕێتەوە دەتوانێت لە ھەرێمی کوردستان و عێراق درێژە بە خوێندن بدات.
د. نەھلە قادر، جێگری یەکەمی سەرۆکی لیژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق، راگەیاند: “ھەر قوتابییەکی عێراق و ھەرێمی کوردستان لە رێگەی فەرمیەوە بۆ درێژەدان بە خوێندن لەو وڵاتە بخوێنێت ئەگەر بە ھۆی ھەر کێشە و ئاڵۆزییەک بگەڕێتەوە مافی خوێندنی پارێزراو دەبێت، بە مەرجێک قوتابییەکە مەلەفی لە وەزارەتی خوێندنی باڵای ھەرێم یان وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق ھەبێت و پێشتر بە فەرمیی سەردانی ئەو وڵاتەی کردبێت بۆ خوێندن”.
جێگری سەرۆکی لیژنەی خوێندنی باڵا گوتیشی: “دوای دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ھەتا ئێستا ھیچ زانیاریمان بۆ نەھاتووە قوتابی عێراقی و ھەرێمی کوردستان بەھۆی ئاڵۆزییەکانی ئەو وڵاتە گەڕابێتەوە، بەڵام ئەگەر رەوشەکە بەردەوام بێت و بگەڕێنەوە مافیان پارێزراو دەبێت”.
د. نەھلە قادر ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: “ئەگەر قوتابیەک لە ئێران یان ھەر وڵاتێکی دیکە بەھۆی رەوشی ناوچەکەوە بگەڕێتەوە و نەتوانێت لەوێ درێژە بە خوێندن بدات لە ھەرێمی کوردستان دەچێتەوە ھەمان قۆناغی خوێندن کە لەو وڵاتە بەجێی ھێشتووە، نموونەشمان ھەیە ئەوانەی لە ئۆکرانیا گەڕانەوە ھەمووان خرانەوە بەر خوێندن لە ھەرێمی کوردستان و ھیچ کێشەیەکیان نەماوە”.