وەزیری کشتوکاڵی هەرێم: گرێبەستمان لەگەڵ کەرتی تایبەت هەیەو لیژنەیەک بڕیار دەدەن بڕی ئەو گەنمە وەربگرن کە لە دەرەوەی سایلۆکان دەمێنێتەوە
زاری کرمانجی-سۆران:
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پیشبینی دەکەین ملیۆنێک و 200 بۆ ملیۆنێک و 500 هەزار تۆن گەنممان هەبێت و سبەی دەرگای سایلۆکان دەکرێتەوە. بێگەرد تەڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: “چەندین مانگە بەبێ ماندووبوون کارمان کردووە، عێراق پێویستی بە هەرچی دۆکیۆمێنت بووبێت ڕەوانمان کردووە، هەروەها شەوی ڕابردوو کاتژمێر 2ـی بەرەبەیان تیممان ناردووەتە بەغدا بۆ ئەوەی دۆکیۆمێنتەکان ببەن، ئەمڕۆ لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسەند دەکرێت و وەزارەتی بازرگانیش لە بەیانییەوە دەرگای سایلۆکان دەکاتەوە”. لە بارەی ئەو گەنمەی دەمێنێتەوە، ئاشکرایکرد “ئەگەر گەنمێک لە دەرەوەی پڕۆسەی وەرگرتن مایەوە، ئێمە گرێبەستێکمان لەگەڵ کەرتی تایبەت هەیە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و پەسەندکراوی ئەنجوومەنی وەزیران، هەروەها لێژنەیەک لە دەستەی وەبەرهێنان هەیە ئەوان بڕیار دەدەن بڕی ئەو گەنمە وەربگرن کە لەدەرەوەی سایلۆکان دەمێنێتەوە، وە بڕی یەک تۆن گەنمیش لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بە 850 هەزار وەردەگیرێت”. وەزیری کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەشکرد، بەگوێرەی ئەو داتا سەتەلایتەی کە پێوانەی ڕووبەری داچێنراومان کردووە، بۆ دوو ملیۆن و 955 هەزار دۆنم زەوی، پێشبینی دەکەین ملیۆنێک و 200 بۆ ملیۆنێک و 500 هەزار تۆن گەنممان هەبێت، بەڵام بەهۆی فیدباکی جووتیاران کە چەند بارانێکی ئەو دواییە و سووتانی بەشێک لەزەوی جووتیاران کاریگەری هەبووە. گووتیشی: “هەموو ساڵێک لە 1-6 دەرگای سایلۆکان دەکرێتەوە، بەڵام ئەمساڵ 2 بۆ 3 ڕۆژ بەراورد بەساڵی پار درەنگترە، ڕاشیگەیاند، ئێمە وەکو وەزارەتی کشتوکاڵ کەمتەرخەم نین، لە مانگی یەکەوە داوای هاتنی لیژنەی کشتوکاڵی عێراقیمان کردووە بۆ ئەوەی پشکنینی مەیدانی بکات، بەڵام خۆیان دواکەوتوون، هەروەها داوای کۆبوونەوەی لیژنەی 57مان کردووە کە سەرۆکی لیژنەکە وەزیری کشتوکاڵی عێراقە، بەڵام ئەوان دواکەوتوون و نەهاتوون تاوەکو دانووستان بکەین”.