زاری كرمانجی-سۆران
هەژار حەكیم بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە زاری كرمانجی گووت ” ڕۆژی دووشەممە 3ـی حوزەیرانی 2024، هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە یاوەریی شاندێک سەردانی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد و لەلایەن د. ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیان لێکرا”.
ئەوەشی خستەڕوو: ” لە کۆبوونەوەکەدا، دوای بەخێرهێنانی شاندی ئیدارەی سۆران، لەلایەن د.ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، گفتوگۆ لەسەر کێشە داراییەکان و چۆنیەتی جێ بەجێ کردن و بە پارەدارکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کرا.”
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایەسەر پەرەپێدانی زیاتر و دانانی میکانیزمی نوێ بۆ پڕۆژە خزمەتگوزاریەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە مەبەستی زیاتر خزمەتکردنی ھاوڵاتیانی ناوچەکە و ئەنجامدانی پڕۆژەکان و تەواوبوونیان و بەجێگەیاندنی ڕاسپاردەکانی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کارنامەی کابینەی نۆیەم.